کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتیوانیی ڕۆحانی لە سپای تێرۆریستیی پاسداران

15:36 - 20 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: پاش ئەوەی کە دەنگۆی ئەوە بڵاو بووەوە، کە سپای پاسدارانی ڕێژیم لە لایەن ئامریکاوە لە لیستی تێرۆر ناوی تۆمار بکرێت، لە لایەن سەرکۆماری ڕێژیمی تارانەوە هەڵویستی توند لە هەمبەر ئامریکادا گیرا.

حەسەن ڕۆحانی ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی ڕەزبەری ١٣٩٦ی هەتاوی، لە دانیشتنێکدا لەگەڵ شاندی حکوومەتیی ڕوو لە ئامریکا وتوویە: ئەگەر ئامریکا بیەوێت هەڵەیەکی دیکە بکات و سپای پاسداران بخاتە ناو لیستی تێرۆرەوە، ئیتر ئەوە هەڵە لەسەر هەڵەیە.

سەرکۆماری ڕێژیم لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە بوونی سپای تێرۆریستیی قودسی سەر بە سپای پاسداران لە وڵاتانی سووریە، عێراق و لوبنان کرد و باسی لەوە کردووە، کە سپای پاسداران خۆشەویستی خەڵکی ئەو وڵاتانەیە.

حەسەن ڕۆحانی لە بەشێکی دیکە لە قسەکانیدا؛ ئەرتەش، سپای پاسداران و بەسیجی وەکوو هێزگەلێک ناساند، کە بەردەوام پشتیوانی خەڵکی ئێرانن، هەروەها باسی لەوە کرد کە لە نێوان باڵەکانی ڕێژیم لە هەمبەر دوژمنان هیچ ناکۆکێیەک بە دی ناکرێت.

هەر لەم پێوەندییەدا محەممەد عەلی جەعفەری، فەرماندەی سپای تێرۆریستیی پاسداران، پاش چاوپێکەوتنی ڕۆحانی لەگەڵ فەرماندە پلە بەرزە نیزامییەکان لە ٢ی گەلاوێژ ڕایگەیاند، ڕۆحانی ڕەخنەکانیانی بە ئەرێنی وڵام داوەتەوە و پشتیوانیی خۆی لە هێزە نیزامییەکان دەربڕیوە.

ئەم لێدوانانەی سەرکۆماری ڕێژیم سەبارەت بە سپای تێرۆریستی پاسداران و بە خۆشەویست زانینی لە نێو گەلانی وڵاتانی دەوروبەر ڕووی لە ڕاستی نییە، چوونکە یەکێک لە هۆکارەکانی قوربانی بوون و ئاوارەیی و دەربەدەریی خەڵکی ئەو وڵاتانی بوونی سپای تێرۆریستی پاسداران و ئاژاوگێڕییەکانی لە ناوچەکەیە.

هەروەها سەرکۆماری ڕێژیمی تاران، کە لە بەشێکی لە قسەکانی ئاماژەی بە یەکڕیزیی هێزە نیزامییەکانی ئەو ڕێژیمە کردووە، نموونەی بەرچاوی ناتەبایی ئەو ‌هێزانە لە سەردەمی هەڵبژرادنەکانی سەرکۆماریی خۆی دەردەخات و هەڕەشە لە زیندە بەچاڵ کردنی لە تەنیشت ڕایاکتۆرەکانی ئەراک لە عەلی‌ئەکبەر ساڵحی بەرپرسی وزەی ناوکیی ڕێژیمی تاران، لە لایەن یەکێک لە نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیمەوە، کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە دەنگ بڵاوی بووەتەوە نموونەیەکی دیکە لەم ناتەبایی و کەلێنانەی نێو باڵەکانی ڕێژیمە.