کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕەسمێک بۆ ڕێزگرتن لە قوتابیانی پلە یەکی حیزبی دێموکرات بەڕێوەچوو

21:54 - 22 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: بۆ ڕێزگرتن لە قوتابیانی پلە یەکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕێوڕەسمێک لە لایەن کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتی حیزب لە بارەگای سەرەکی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات بەڕێوەچوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٢ی ڕەزبەری ١٣٩٦ی هەتاوی، بە بەشداری مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران، ئەندامانی دەفتەری سیاسی، قوتابیان و بنەماڵەی قوتابیانی حیزبی دێموکرات ڕێوڕەسمێک بۆ ڕێزگرتن لە قوتابیانی پلە یەکی حیزب بەڕێوە چوو.

سەرەتای ئەو مەڕاسمە بە ڕاگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پیکرد.

پاشان مامۆستا مەلا ئەحمەد ڕەحیمی بەرپرسی کۆمیسۆنی کۆمەڵایەتی لەو مەڕاسمەدا چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.

ڕەحیمی باسی لەوە کرد کە دەبێ بنەماڵەکانی حیزبی دێموکرات زیاتر لە پێشوو گرینگی بە منداڵەکانیان بدەن تا بتوانن قۆناغەکانی سەرکەوتن بە دەست بێنن.

پاشان بەڕێز مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات چەند وتەیەکی ڕوو لە بنەماڵە و قوتابیانی حیزبی دێموکرات پێشکەش کرد.

هیجری وێڕای پیرۆزبایی ساڵی نوێی خوێندی دەست خۆشی و ماندوونەبوونی لە بنەماڵەی قوتابیان کرد کە بەپەرۆشەوە گرینگی بە پرسی پەروەردەی منداڵان دەدەن.

هیجری باسی لەوەش کرد کە قوتابیان نابێ تەنیا لە بیری کارنامە و نمرە دابن بەڵکوو دەبێ بۆ فێربوونی زانست تێبکۆشن.

لە کۆتایی ئەو ڕێوڕەسمەدا خەڵاتی قوتابیانی پلە یەک لە لایەن مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات، محەممەد نەزیف قادری ئەندامی دەفتەری سیاسی، ڕۆستەم جەهانگیری ئەندامی دەفتەری سیاسی و مەلا ئەحمەد ڕەحیمی بەرپرسی کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتی پێشکەش بە قوتابیان کرا.