کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مێژووی جەزیرە چاپ و بڵاو دەکرێتەوە

14:34 - 26 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: کتێبێک لە سەر مێژووی جەزیری کوردستانی ڕۆژئاوا لە لایەن نووسەری نەتەوەی کورد ئامادەی چاپ و بڵاو کردنەوەیە.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، سولەیمان عوسمان ئەڤدۆ، ناسراو بە كۆنێ ڕەش نووسەری نەتەوەی کورد، خەڵکی کوردستانی ڕۆژئاوا، كتێبێكی لەسەر مێژووی جەزیری ڕۆژئاوای كوردستان بۆ چاپ و بڵاوكردنەوە ئامادە کردووە.

ئەو نووسەرە لە وتووێژێکدا لەگەڵ میدیاکان ڕایگەیاند، كتێبی مێژووی جەزیرم بە زمانی عەرەبی نووسیوە، بۆ ئەوەی مێژووی ئەو ناوچە كوردستانییە بە هەموو عەرەب و جیهان بناسێنم؛ سەرەتای كتێبەكە لە ساڵی ١٤٠١ دەست پێدەكات و هەتا ساڵی ١٩٦٥ دەگرێتەوە.

كۆنێ ڕەش هەروەها وتوویەتی: جگە لەو كتێبە شەش كتێبی دیكەم نووسیون و بۆ چاپ ئامادەن، بەڵام لە بەر خراپی باری ماڵی توانای چاپ کردنیانم نییە. یەكێك لەو كتێبانە ناوی بیرنامەیە و باس لە كولتووری کوردستانی ڕۆژئاوا دەكات و بە زمانی كوردی نووسیویەتی.

سولەیمان عوسمان ئەڤدۆ، ناسراو بە كۆنێ ڕەش، ساڵی ١٩٥٣ لە كوردستانی ڕۆژئاوا لەدایكبووە و قۆناغەكانی خوێندنی لە قامیشلوو و حەسەكە تەواو كردووە. ساڵی ٢٠١٤ خەڵاتی جگەرخوێنی بۆ داهێنانی شیعری وەرگرتووە، هەتاكوو ئێستا ٢٥ كتێبی چاپكراوی هەیە، حەوت كتێبیشی بۆ چاپ ئامادەن.