کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە کۆیلە کردنی خەڵک لە لایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە

15:01 - 26 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: سەرۆکی کۆمیتەی ئیمداد دەڵێت: یارانە لاببەن هیچ نییە، با جنێوەکانی بە من بدەن.

سەید پەرویز فەتاح، سەرۆکی کۆمیتەی ئیمداد دەڵێت: بە ڕۆحانیم وتووە، لە چی دەترسی یارانەکان لاببە ئێستە کە دەنگت هێناوەتەوە و خولی دیکەش کە ناتوانی خۆت هەڵبژێریت، ئەمن بەرپرسیاریەتی ڕاگرتنی یارانەکان وە ئەستۆ دەگرم، ئەگەر جنێوێکیش دەدرێت با بۆ من بێت.

پەرویز فەتاح، لە بەشێکی دیکە لە قسەکانیدا دەڵێت: هەر کەس هەژار و نەدارە خۆی بە کۆمیتەی ئیمداد بناسێت، ئێمە تاوتوێی دەکەین و ئەگەر دەرکەوت کە نەدارە ناوی تۆمار دەکەین.

هەروەها ناوبراو باس لەوە دەکات، کۆمیتەی ئیمداد ئێستا وەک پێشتر نەماوە، کە هەر نان و ئارد بە خەڵک بدات، ئێستە ئێمە بیمەی تایبەت بە خۆمان هەیە و بڕیارە تا چوار ساڵی دیکە تەواوی ئەو کەسانەی لە ژێر چەتری ئێمە دان ببنە خاوەنی خانووی خۆیان.

لە درێژەی قسەکانیدا زیادی کرد، کارمان بەوەی نییە کێ شێعەیە یا کێ سونییە، ئێمە مەزهەب لەبەر چاو ناگرین، ئێمە بە ڕوانگەی فرەمەزهەبییەوە کار دەکەین.

سەرۆکی کۆمیتەی ئیمداد وتی: نابێ چینی هەژار و نەدار لە ڕوانگەی خەسار ناسییەوە چاو لێ بکەین؛ چونکە کەسی بلیمەتیشیان تێدایە کە تووشی هەژاری بوون.

لابردنی یارانەکان لە لایەن ڕێژیمی ئیسلامی ئێران و ناونووس کردنی ئەوان لە کۆمیتەی ئیمداد بە کۆیلە کردنی خەڵکە، چوونکە بەرپرسانی ڕێژیم لە بەرامبەر هەر شتێک کە دەیدەن، دوو شت وەر دەگرن.

جێگای ئاماژەیە ئەو هەوڵەی ڕێژیم بۆ ناونووس کردنی خەڵک لە کۆمیتەی ئیمداد لە حاڵێک دایە، کە خەڵکی ئێران لە ژێر گوشاری ئابووری دان و زیاتر لە ٤٠% ئەو بنەماڵانە لە باروودۆخێکی نالەباردا دەژین و بۆ دابین کردنی بژیویی بنەماڵەکەیان دەست بۆ هەموو کارێک دەبەن.

زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی دەرخەری ئەو ڕاستییەن و کەسی وای تێدایە لەسەر ٥٠٠ هەزار تمەن لە زیندانە.

شایانی باسە هەرکەس بیهەوێت، لە کۆمیتەی ئیمداد ناوی خۆی بنووسێت، دەبێ ببێتە ئەندامی بەسیج، ئەوەش یانێ سەر بە دامودەزگاکانی ڕێژیم و کارکێشان لەو بنەماڵە هەژارانەی کە بۆ دابین کردنی ژیانیان بۆ نانی شەو داماون.