کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیکی هێلی: ئێران گەمە بە شۆرای ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات

21:10 - 27 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: نیکی هێلی، ڕایگەیاند: ئێران لە پشت بەرجامەوە بەربەستەکانی دیکە پێشێل دەکات.

نیکی هێلی نوێنەری ئامریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی ڕەزبەری ١٣٩٦ی هەتاوی، داوای لە شۆرای ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، هەتا لە هەمبەر ڕێژیمی ئێراندا هەڵویستی توندتر بگرن.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاسۆشتیدپرێس، نیکی هێلی لە لێدوانێکدا لە شۆرای ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست باسی لەوە کردووە، کە ئێران لە لە پشت گافی پێبەند بوونی بە تکنۆلۆژییەکانی بەرجام خۆی حەشار داوە، لە حاڵێکدا بەبێ شەرمییەوە بەربەستەکانی دیکە پێشێل دەکات.

ناوبراو لە ناوەڕۆکی قسەکانیدا ئێرانی بەوە تۆمەتبار کردووە، کە گەمە بە شۆرای ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات.

هەروەها هێلی جەختی کردەوە، کە ئێران بەردەوام لە هەمبەر بڕیارنامەکانی شۆرای ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان خەمساردە و گرنگیان پێ نادات، بۆیە داوای لە شۆرای ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، لە مەڕ ئەم ڕێژیمە هەڵویستێکی هاوشێوەی هەڵویستەکانی دانڵد ترامپ بگرن و هەموو لایەنەکانی ئەو ڕێژیمە وەکوو: کردەوەی هێرشبەرانە، ناسەقامگیریی و نایاسایی بوونی ببینن.

هەروەها لە درێژەدا وتی: کاتێک ڕێژیمێکی سەرەڕۆ لە ڕاستای ساز کردنی مووشەکە باڵستیکییەکان هەنگاو هەڵدەگرێت، ئاماژە بەوە دەکات کە بە زووترین کات وڵاتێکی دیکە وەکوو کورەی باکوور سەر هەڵدەدات.