کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاسدارێکی تێروریست له سووریە کوژرا

15:10 - 1 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: پاسدارێکی تێرۆریست لە چەکدارە تێرۆریستەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، کە بۆ پاڵپشتی لە ڕێژیمی بەشارئەسەد لە شەڕی‌ سووریەدا بەشداری کردبوو، لە شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی ئەو وڵاتەدا کوژرا.

بەپێی هەواڵەکان، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٣٠ی ڕەزبەری ١٣٩٦ی هەتاوی، پاسدارێکی تێرۆریست بە ناوی مستەفا بەنی لوو لە شەڕی سووریەدا کوژرا.

چەند ڕۆژ لەمەوبەر سێ پاسداری تێرۆریست سەر بە ڕێکخراوی تێرۆریستی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە سووریە کوژران.

عەبدوڵڵا خوسرەوی خەڵکی ئەراک شوناسی یەکێک لەو کوژراوانەیە کە پلەی سەربازییەکەی بەرپرسی گوردانی فاتحین بووە.

هەروەها دوو پاسداری دیکەی ڕێژیمی ئێران، بە ناوەکانی جاوید حوسێنی و ئەمیرخان هاشمی کوژراون.

لە سەرەتای شەڕی سووریەوە تا ئێستا، بە سەدان پاسدار لەژێر ناوی جۆراوجۆردا لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی بەشارئەسەد و ڕێژیمەکەیدا لەو وڵاتە کوژراون و ڕێژیمی ئێران ناوەناوە ناوی پاسدار و فەرماندە و ئەفسەرە باڵا کوژراوەکانی بە فەرمی بڵاو کردووەتەوە.

ڕێژیمی ئێران بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆی لە ناوچەکەدا هەموو هەوڵێک دەدات و یەکێک لەو هەوڵانە، شەڕ کردنە لە سووریە و لەو پێوەندییەدا بە لێشاو پاسداریان لێ کوژراوە، کە ئەمەش ناڕەزایەتیی زۆربەی بەرپرسانی ڕێژیمی بە دوای خۆیدا هێناوە .