کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زاڵ‌کردنی زیاتری فەزای پۆلیسی بەسەر شارەکانی کوردستاندا

15:37 - 2 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: لە ڕۆژانی ڕابردوودا هێزە بەناو ئینتزامی و لیباس شەخسییەکانی ڕێژیم چەند قات زیاتر کراون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ لە ڕۆژانی ڕابردوودا و پاش ڕووداوەکانی ئەم دواییانەی کوردستانی باشور، ڕێژیم و دەزگا داپڵۆسێنەرکانی بەپێی بەرنامەیەکی لەپیشدا داڕێژراو هەموو شەقامە سەرەکییەکان و گۆڕەپانەکانی نێو شارەکانیان تەنیوەتەوە.

هەواڵنێری کوردستان میدیا لە شاری سەقزەوە ڕایگەیاند: پاش بەرێوەبردنی جێژن و شایی و خۆشی بەبۆنەی ڕێفراندۆمی باشوری کوردستان و گیرانی سەدان کەس لە بەشدارانی ئەم ڕێوڕەسمە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتی و ئەمنیەتییەکانەوە، ڕێژیم کەشێکی تەواو پۆلیسی بەسەر شارەکاندا زاڵ کردووە و هەوڵی چاوترسێن کردنی خەلک دەدات.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ڕێژیم ترسی ئەوەی هەیە کە تووڕەیی پەنگ‌خواردووی گەل پاش ڕووداوەکانی ئەم دواییانەی باشووری کوردستان بەسەریاندا بتەقێتەوە و دۆخی ناوخۆی کوردستانیان لێ بشەوێت.

هەواڵنێری کوردستان میدیا هەروەها ڕایگەیاندووە؛ پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئەگەری پەلاماردانی بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لەلایەن سپای تێرۆریستی پاسداران و دەست‌وپێوەندییەکانیان لە باشوری کوردستان، خەڵکی کورد زۆر بە وردی بەدواداچوون بۆ ڕووداوەکان دەکەن و خۆیان بۆ وەڵامدانەوە لە ئەگەری ڕوودانی حالەتێکی وەها ئامادە کردووە.

چەند ڕۆژ پێش ئێستا حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئیران لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا بڵاویان کردەوە کە خەڵکى خەباتکار و بوێرى کوردستانى رۆژهەڵات لە ئەگەرى هەر پیلانێکی کۆمارى ئیسلامى بۆ سەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵات، وەڵامیان دەدەنەوە و بێدەنگ نابن و دڵنیاییشیان دایە گەلی کورد کە ڕۆڵە پێشمەرگەکانى ئەوان ، لە هەر ئەگەرێکدا وەکوو هەمیشە حەماسەی پڕ لە شانازى بەدژى دوژمنانى گەلى کورد دەخوڵقێنن.