کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم بەتەمای سازکردنی ئەرتەشی \"ئیمپراتوری ویلایەتە\"

15:46 - 5 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: پاش بڕیاری خامنەیی لەمەڕ گۆڕینی زانستە مرۆییەکان و بەئیسلامی کردنیان، ئەمجارە نۆرە گەیشتە ئەرتەش تاکوو بە ئیسلامی بکرێت.

لە بڕیارێکی سەیروسەمەرەدا کە لەلایەن عەلی سامانی جێگری هێزی مرۆیی نزاجاوە واژۆ کراوە، کۆمەلێک لە دەستەواژەکان کە لە ئەرتەشدا کەڵکی لێوەردەگیرا بە ئیسلامی کراوە.

کیهان لندن لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە بەپێی ئەم بڕایرە نوێیە کە بە گوشاری ڕێکخراوی عەقیدەتی سیاسی ئەرتەش ئەنجام دراوە، وشەی ئێران لە ڕێوڕەسمی دوعاخوێنی ئەرتەش لابرا و دوو وشەی ئیسلام و ئینقلاب جێگەیان گرتۆتەوە؛ بۆوێنە لەباتی ئەوەیکە بوترێت سەربازەکانی ئێران دەبێ بڵێن:سەربازەکانی ئینقلاب!

بەپێی ئەم هەواڵە لەمەو بەدوا فەرماندەکانی ئەرتەش لەکاتی ڕێزدانانی سەربازی لەباتی وتنی درود دەبێ بڵێن:سلام علیکم؛ هەروەها لەکاتی خوێندنی نیایش دەبێ ڕێز لە تێرۆریستەکانی دەرەوەی وڵات کە لە سوریە و عێراق و وڵاتانی دیکەدا چالاکی دەکەن، بگیرێت.

بەشێک لە چاودێرانی سیاسی و شارەزایانی کاروباری ئێران پێیان وایە ئەم هەوڵە نوێیەی ڕێژیم لەو چوارچێوەیەدا خۆی دەبینێتەوە کە کۆماری ئیسلامی بەتەمایە لە رێگەی ئەمجۆرە بڕیارانەوە ڕێگە بۆ ئەوە خۆش کات کە چەکدارە تێرۆریستەکانی سەر بە ڕێژیم لە وڵاتانی ناوچە بخاتە نێو قەوارەی ئەرتەش و لە ئەگەری خستنە ناو لیستەی تێرۆری سپاوە، ئەرتەش درێژە بە چالاکییە تێکدەرانەکانی ڕێژیم لە ناوچە و جیهاندا بدات؛ بەمشێوەیەش ئەرتەشێک درووست بکرێت کە هەموو تێرۆریستەکانی ناوچە لەخۆ بگرێت و خولیای دێرینی خۆی وەدی بێنێ کە بریتییە لە سازکردنی ئیمپراتوریەتی شێعەی ویلایەتی.

بۆچونێکی دیکەش کە لەم پێوەندییەدا هەیە ئەوەیە کە ڕێژیم دەیهەوێ سەرلەبەری جمگەکانی دەسەڵات و کۆمەڵگە هاوشێوەی ویلایەت لە مانا بەتاڵ بکاتەوە.