کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرچاوە ژێرزەوینییەکانی کوردستان بەردوام تاڵان دەکرێن

14:59 - 6 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: ڕێژیمی داگیرکەری ئیسلامیی ئێران لە بە تاڵان بردنی سامانە سروشتییەکانی کوردستان بەردەوامه و بەرپرسانی ڕێژیم لە کوردستان دەست بە سەر کانگاکان دادەگرن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، کانگای بەردی مەڕمەڕی سپی لە قەسڵانی شاری قوروە سەر بە پارێزگای سنه به هۆی ئەوەیکە بەشێوەیەکی لە ڕادەبەدەر و بێسنوور کەڵکی لێوەردەگیرێت و لێی هەڵدەهێنجێندرێت کۆتایی پێهاتووە.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا لەو بارەیەوە ڕایگەیاند ئەو کانگای بەردە یەکێک له گەورەترین کانگاکانی بەردی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە کە ئێستا به هۆی بەهرەبەرداری لە ڕادەبەدەر بەردی ئەو کانگایە کۆتایی پێهاتووە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە بەرپرسانی ڕێژیمی تاڵانکەر لەو کانگایە ٨٠٠ قات زیاتر لە ڕێژەی ستاندارد بەرد دەردێنن کە ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەیکە بەردی ئەو کانگایە تەواو بێت.

ئێستا بە هۆی ئەوەیکە بەردی ئەو کانگایە کۆتایی پێهاتووە دام‌ودەزگاکانی ئەو کانگایە کە لە وڵاتی ڕووسیەوە هاوردە کراون بڕیارە بۆ کانگایەکی دیکە لە شاری هەرسین ڕاگوێزرێن.

ڕێژیمی ئێران ساڵانە بەرهەمێکی زۆر لە سەرچاوە سروشتییەکانی کوردستان هەڵدەگرێتەوە، بەبێ ئەوەی هیچ قازانجێکی بۆ دانیشتوانی کوردستان هەبێت و تەنانەت بۆ کارکردن لەو کانگایانەش کەڵک لە خەڵکی کوردستان وەرناگرن.

سیاسەتی هەژارکردنی خەڵکی کوردستان لە لایەن ڕێژیمی تاڵانکەری ئێرانەوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە دەسەڵاتی خۆی زیاتر بە سەر خەڵکی کوردستاندا بسەپێنێت و رەوتی سیستماتیکی سەرکوت کردنی خەڵک بەهێزتر بکات.