کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێناتۆرە ئامریکاییەکان داوای پشکنینی دامەزراوە سەربازییەکانی ئێران دەکەن

15:37 - 6 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: بەشێک لە سێناتۆرە ئامریکاییەکان لە نامەیەکدا ڕوو لە ئاژانسی نێو نەتەوەیی وزەی ناوکی داوایان کردووە کە دامەزراوە سەربازییەکانی ئێران بپشکنن.

ئەم سێناتۆرە ئامریکاییانە لە نامەیەکەی هاوشێوەدا بۆ نیکی هێلی بە ڕێکەوتی ٥ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی نیگەرانی خۆیان لەمەڕ چالاکی جێگەی گومانی دامەزراوە سەربازییەکان و پەرە گرتنی توانای مووشەکی ئێران دەربڕیوە.

ئەو سێناتۆرانە لە نامەکەیاندا بۆ نیکی هێلی نوێنەری ئامریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان داوایان لە ئاژانسی نێو نەتەوەیی وزەی ناوکی کردووە کە دامەزراوە سەربازییەکانی ئێران بپشکنن.

دەیوید پردۆ، سێناتۆری کۆماریخواز رۆژی هەینی دەقی ئەو نامەی بڵاو کردەوە.

لە بەشێک لەو نامەیەدا هاتووە لە کاتی ڕێککەوتنی ناوکی لەگەڵ ئێران، باراک ئۆباما، سەرکۆماری پێشوو بەڵێنی‌دا، لە چوارچێوەی ئەو ڕێککەوتنەدا هەر کات کە بیانهەوێ دەتوانن سەردانی هەر شوێنێکی جێگای گومان لە ئێران بکەن بەڵام بە کردەوە شتێکی وا ڕووی‌نەداوە.

ئەو نامەیە لە بەرەبەری سەفەری یوکیا ئامانۆ، سەرۆکی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی بۆ ئێران بڵاو کراوەتەوە.

وڵاتی ئامریکا نیگەرانی پرسی ناوکی ڕێژیمی ئێرانە بۆیە گوشارەکانی بۆ سەر ئەو رێژیمە زیاد کردووە تا نەتوانێ دەستی بە چەکی ناوکی بگات.

سپای تێرۆریستی پاسداران کە بە شادەماری ڕێژیمی ئێران دەناسرێ و دەستی بەسەر هەموو جمگەکانی دەسەڵات لە ئێراندا گرتووە وەک سەرەکیترین پاڵپشتی تێرۆر لە دنیا ناسراوە؛ لەسەر ئەم بنەمایەش ئامریکا نیگەرانی پرسی ناوکییە لە ئێراندا کە لە ئەگەری دەست پێڕاگەیشتنی سپای تێرۆریستی پاسداران بە چەکی ناوکی دەتوانێ هەڕەشەی زیاتر لە جیهان بکات و کردەوە تێرۆرستییەکانی پەرەپێبدات و مەترسی زیاتر ساز ببێت بۆ سەر تەواوی جیهان.