کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەڵاڵەی نوێی ڕێژیم بۆ سنووردارکردنی زیاتری کەمینە مەزهەبییەکان

13:25 - 13 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: لە چوارچێوەی پڕۆژەی سنووردار کردنی زیاتری کەمینە مەزهەبییەکان و باڵادەست کردنی زیاتری مەزهەبی فەرمی لە ئێران، مەجلیسی ڕێژیم سەرقاڵی تاوتوێ کردنی گەڵاڵەیەکی نوێیە.

لە درێژەی سیاسەتی لە پەراوێزخستنی مەزهەب و ئایینزاکانی جیا لە مەزهەبی فەرمی پەسندکراو لەلایەن ویلایەتی فەقیهەوە، مەجلیسی ڕێژیم گەڵاڵەیەکی نوێی هێناوەتە ئاراوە کە بەهۆی دەستی دەوڵەت ئاوەڵاتر دەبێت لەمەڕ کاڵ‌کردنەوەی هەرچی زیاتری نەخشی مەزهەبەکاندا.

بەپێی ئەم گەڵاڵە نوێیە لە شۆرای شارەکاندا سەهمیە و پشکێکی دیاریکراو بۆ پێڕەوی ئایینزاکان لە ئێراندا دیاری دەکریت؛ بۆ وێنە ئەگەر لە شۆرای شارێکدا کە ٧ کەسن، بەپێی حەشیمەتی کەمینە مەزهەبییەکان یەکێک لە کورسییەکان بەم کەمینە مەزهەبییانە دەدرێت.

پێشنیار کردنی ئەم گەڵاڵەیە و بڕیاردان بۆ بەدواداچوون کردنی لەلایەن عەلی لاریجانییەوە، پاش ئەوە هاتە ئاراوە کە سێپەنتا نیکنام ئەندامی شۆرای شاری یەزد سەر بە ئایینی زەردەشتی لەلایەن شۆرای نیگابانەوە ڕەد کرایەوە.

شۆرای نیگابان سەبارەت بەم کێشە گووتبووی: هیچ غەیری موسوڵمانێک ناتوانێ و بۆی نییە سەبارەت بە ژیانی موسوڵمانەکان بڕیار بدات یان قسەی لەسەر بکات تەنانەت ئەگەر ئەو کەسە لەلایەن موسولمانەکانەوە هەڵبژێردرابێت.

ماوەیەک پیش ئێستا لە ٢٤ی گەلاوێژی ١٣٩٦ی هەتاوی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا ڕاپۆرتێکی لە سەر دۆخی ئازادییە ئایینییەکان لە جیهان لە ساڵی ٢٠١٦ی زایینی بڵاو کردەوە و تێیدا لە بەردەوامیی پێشێلکردنی مافی کەمینە ئایینییەکان لە هێندێ وڵات، بەتایبەت ئێران ڕەخنەی گرت.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتبوو: لە ئێران بەهاییەکان، مەسیحییەکان و سەرجەم کەمینە ئایینییەکانی دیکە بە هۆی باوەڕە ئایینییەکانیان لە ژێر گوشار و هەڵبڕاندن دان؛ لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەشدا هاتووە: ڕێژیمی ئێران هەروەها لە ئێعدام کردنی کەسانێک لە ژێر یاسای ناڕوونی موڕتەد بوون بەردەوامە و لە ساڵی ٢٠١٦ی هەتاوی ٢٠ کەسی بە تاوانی شەڕ لەگەڵ خودا لە سێدارە داوە.

هەر لەو کاتەدا ڕێکس تەیلێرسۆن گووتبووی: هەنووکە کۆمەڵگای بەهاییەکان لە ئێراندا تەنیا بە هۆی باوەڕە ئاینییەکانیان دەسبەسەر دەکرێن و بە ئاماژە بە هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم بۆ سەر شوێنی ئایینیی موسڵمانە سونییەکان و ڕێگا نەدان بە ساز کردنی ئەو شوێنانە لە ئێران و دەقە دژە جوولەکە و بەهاییەکان و هەوڵی نکۆڵی کردنی هولووکاست ئەم ڕێژیمەی وەکوو ڕێژیمێکی دژ بە کەمینە ئایینییەکان پێناسە کرد.

حاشاکردن لە مافی کەمینە مەزهەبییەکان بەشێوەی سیستماتیک لە ئێراندا بەڕێوە دەچێت و لێپرسراوانی رێژیم بێ هیچ دوودڵییەک و بەئاشکرا ئەم مافانە پێشێل دەکەن؛ بۆ وێنە ساڵی ڕابردوو حەسەن ڕوحانی لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ زانایانی ئایینی سوننە مەزهەب، کەموکۆڕی لە جێبەجێ نەکرانی داخوازی کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکانی خستە ئەستۆی خۆیان.

ناوبراو بە هێنانەوەی ڕستەی شوێنی شیاو بۆ کەسی شیاو، پلاری لە پێڕەوانی سوننە لە ئێران گرتبوو بەو واتایە کە ئەگەر پلە و پایە بە کەمینە مەزهەبییەکان نادرێ هۆکارەکەی نەشیاو بوونی خۆیانە.