کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا دۆخی نائاسایی لە هەمبەر ڕێژیمی ئێرانی درێژ کردەوە

15:35 - 16 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە نامەیەکدا بۆ سەرۆکایەتیی مەجلیسی نوێنەران و سێنای ئەو وڵاتە، دۆخی نائاسایی لە هەمبەر مەترسییە شاراوەکانی ڕێژیمی ئیرانی درێژ کردەوە.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، دانڵدترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٥ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ هەتاوی، بە ناردنی نامەیەک بۆ سەرۆکایەتی دوو مەجلیسی سێنا و نوێنەران، بە جەخت کردنەوە لەسەر نائاسایی بوونی پەیوەندییەکانی نێوان رێژیمی ئێران و دەوڵەتی ئامریکا، دۆخی نائاسایی ئەو وڵاتەی سەبارەت بە رێژیمی ئێران بۆ ماوەی ساڵێکی‌تر درێژ کردەوە.

ترامپ لە بەشێکی ئەو نامەیەدا ڕایگەیاندووە، بۆ بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ هەڕەشە نائاساییەکانی ڕێژیمی ئێران که مەترسی جیددی بۆ سەر تەناهیی نەتەوەیی، سیاسەتی دەرەوە و ئابووری ئامریکا دروست کردووە، پێویستە ماوەکەی بۆ یەک ساڵ‌تر درێژ بکرێتەوە.

ترامپ بۆ یەکەمین جار بڕیاری دۆخی نائاسایی بەپێی فەرمانی ئیجرایی ١٢١٧٠ی لە بەرانبەر ئێراندا درێژ کردەوە.

بڕیاری ١٢١٧٠ی ئامریکا ١٠ ڕۆژ دوای هێرشی خوێندکارانی پێڕەوی خەتی ئیمام کە هێرشیان کردە سەر باڵوێزخانەی ئامریکا و هەروەها بارمتەگرتنی فەرمانبەرانی ئامریکا دەرکراوە.

دوای دوو ساڵ لە بە دەسەڵات گەیشتنی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە ساڵی ١٣٥٩ی هەتاویدا، ڕێژیمی ئێران و دەوڵەتی ئامریکا بۆ کۆتایی هێنان بە پرسی بارمتەکان لە باڵوێزخانەی ئامریکا لە تاران ڕێک کەوتن، بەڵام هەندێک لە ناوەڕۆکی ئەو ڕێککەوتنە هەتا ئێستاش دوای ٣٧ ساڵ بەڕێوە نەچووە و بەردەوام وەکوو خۆی ماوەتەوە.

ئەو بڕیارە بۆ سەردەمی بیل کلینتۆن سەرۆکی پێشووی ئامریکا، لە ساڵی ١٩٩٥ی زایینی دەگەڕێتەوە، کە هەندێک گەمارۆی ئابووری دژ بە ئێران لە خۆ دەگرێت.