کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جەمسەری وەبەرهێنانی سێو لە ئێران لێی قەوماوە

20:21 - 16 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: وەبەرهێنانی سێوی پارێزگای ورمێ، ئەمساڵ خەسارێکی گەورەی بەر کەوتووە.

زیاتر لە ٣٠% وەبەرهێنانی سێو، ئەمساڵ لە پارێزگای ورمێ تووشی خەسار بووە و کاری زیاتر لە ٨٠ هەزار کەس لە دانیشتووانی ئەو پارێزگایە کە فرۆشتن و وەبەرهێنان سێو بەستراوەتەوە ڕاوەستاوە؛ بەستەبەندی نالەبار، نەدیتنەوەی بازاڕی نێونەتەوەیی، بێ‌بایەخی بە چەشنی چاندن و ئاسانکاری نەکردن لە گواستنەوەی سێو لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە و نەبوونی نەخشەڕێگا لە هەمبەر وەبەرهێنانی سێوی پارێزگای ورمێ، باخدارانی تووشی زەرەر کردووە.

پارێزگای ورمێ بە وەبەرهێنانی یەک میلیۆن و ٣٠٠ هەزار تۆن سێو، ٣٠% تا ٤٥% ئەو بەشەی لە وڵاتی ئێرانی دەستەبەر کردووە و بە جەمسەری سێو دەناسرێت کە ئەمساڵ تەنیا ٢٠ هەزار تۆن لەو ڕێژەیە بۆ دەرەوەی وڵات هەناردە کراوە.

لە حاڵەتێکی هاوشێوەدا نەبوونی نە‌خشەڕێگای ڕوون، کشتوکاڵکارانی ئەو پارێزگایە لە بواری چەوندەرەوە تووشی گرفت کردووە و ڕێژەی وەبەرهێنان بە ڕادەیەکی بەرچاو دابەزیوە.

گوشاری ڕێژیم لەسەر هاووڵاتییان و پشتگوێ خستنی ناوچە هەژار و بەناو پلە دوو و سێیەکانی ئێران هاووڵاتییانی ئەو ناوچانەی بە ئاقارێکی ناڕووندا بردووە و ژیانی خەڵک لە بواری کۆمەڵایەتی و ئابوورییە کەوتووەتە مەترسییەوە.