کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قوتابیان قوربانی سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئێرانن

15:33 - 17 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: بەرپرسانی پەروەردە و بارهێنان لە ئێراندا قوتابخانەکان وەکوو شوێنێک بۆ پەرەپێدان بە ئیدئۆلۆژی ئیسلامیی خۆیان بە کار دێنن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بەرپرسانی قوتابخانەکانی شاری کرماشان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، داواکارییان لەژێر ناوی بەڵێننامەی باوک و دایکان (میثاق‌نامە اولیا) بۆ بنەماڵەی قوتابیان ناردووە و داوایان کردووە کە منداڵاکانیان بە شێوەی پەروەردە و ڕاهێنانی ئیسلامیی پەروەردە بکەن و لەو باریەوە یارمەتیدەری مامۆستاکانی قوتابخانەکان بن.

ئەو داواکارییە لە بنەماڵەی قوتابیان ١٢ خاڵ لە خۆ دەگرێت، کە باس لە پەروەردەی قوتابیان بە شێوەی ئیسلامی دەکات و هەروەها داوایان لە بنەماڵەکان کردووە، کە ئەو بەڵێننامەـیە واژۆ بکەن. لە ماوەی ڕابردوودا وەزارەتی پەروەردە و بارهێنان زیاترین گوشاری لە بواری پەروەردە لە کۆمەڵگا و سیاسەتی خۆیدا جێبەجێ کردووە.

پرسی پەروەردە و خوێندن لەژێر سێبەری دەسەڵاتی ڕێژیمی ئێراندا بە ئاقارێکی هەڵدێردا دەڕوات و بەڕپرسانی پەروەردە و بارهێنان کەمترین بایەخ بە خوێندنی سەردەمیانە دەدن و هەروەها عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران لە دوایین وتەکانی خۆیدا باسی لەوە کردووە، کە قوتابیان و لاوان خۆیان بە شۆڕشی ئیسلامییەوە ماندوو بکەن.