کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم به باشی هاوکاری هاووڵاتییان ناکات

15:29 - 23 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بە باشی هاوکاری بوومەلەرزە لێدراوانی کرماشان ناکەن و هاووڵاتییان ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، دوای بوومەلەرزەی شەوی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢١ی خەزڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی، هاووڵاتییان تووشی سەرلێشێواوی بوونە و ڕەوتی یارمەتی گەیاندن بە خەڵکی لێقەوماو نالەبارە و زۆربەی خەڵکی بوومەلەرزە لێدراو پێویستیان بە نان و ئاو هەیە.

تا ئێستا زیاتر لە ٦٠٠ کەس کوژراون و زیاتر لە ٧ هەزار کەسیش بریندار بوونە و هەروەها لە سەدا ٩٠ی خانووبەرەکانی شاری سەلاسی باوەجانی زیانی ٥٠ هەتا ١٠٠ لەسەدیان پێگەیشتووە و هەروەها لە سەدا ٧٠ی خانووی ئەو گوندانەی کە بوومەلەرزە لێی داون خاپوور بوونە.

ئەو بوومەلەرزەیە بە پێوەری ٣/٧ ڕیشتر لە شارەکانی، ئێزگله، سەلاس باوەجانی، قەسری شیرین، سەرپێڵی زەهاو، شاباد، داڵاهوو و کرماشان هاتووە و زیاترین وێرانی لێ کەوتووەتەوە.

دوای ڕوودانی ئەو بوومەلەرزەیەی، دانیشتوانی ناوچە بوومەلەرزە لێدراوەکان ناڕەزایەتی خۆیان لە هەمبەر هاوکاریی ڕێژیمی ئێران دەربڕیوە و خەڵک داوای ئاوی خواردنەوە، خۆراک، جلوبەرگی گەرم، خێوەت، شیری وشک و شتومەکی دیکەی کردووە.

هەروەها هاووڵاتییانی کرماشان باسیان لەوە کردووە، کە ڕێژیم لە لابردن و لادانی دیوارە ڕووخاوەکان کەمتەرخەمی کردووە و هەتا ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان لە ژێر دیوارەکان ماونەتەوە. لە لایەکی دیکەشەوە بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە کەڵکاژۆ لە دەرفەت دەکەن، شتومەکی پێویست چەند قات لە نرخی خۆی دەفرۆشن.

بەپێی ڕاپۆرتەکان نرخی بلیتی فڕۆکە بۆ کرماشان لە ماوەی یەک شەودا بە بڕی ٩٠٠ هەزار تمەن فرۆشراوە.