کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نان گرانتر دەبێت

14:50 - 24 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: بڕیارە نان لە ئێران لە سەرەتای مانگی سەرماوەزەوە ١٥% گران بێت.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، ئەندامێکی بنکەی چاوەدێری و کۆنترۆڵی بازار کە نێوەکەی ئاشکرا نەکراوە ڕایگەیاندووە: کە بڕیارە لە سەرەتای مانگی سەرماوەزی ئەمساڵ نرخی نان ١٥% لە بەراوردی نرخی ئێستای گرانتر بێت و گران بوونی نرخی نان بێجگە لە تاران لە پارێزگاکانی دیکە بە بڕیاری پارێزگار جێبەجێ دەبێت.

ئەو ئەندامەی بنکەی چاوەدێری و کۆنترۆڵی بازار وتی: گران بوونی نرخی نان بە مەرجی چوونە سەری چۆنیەتی نانە، بەڵام قاسم زەراعەت کە پێشتر وتبووی: نرخی نان دەبێت تا ٣٥% گرانتر بێت و گران بوونی نانیش بەستراوەتەوە بە چوونە سەری مووچەی کرێکارانی نانەواخانەکان و گران بوونی قیمەتی ئاردە نەک باش بوون و چۆنیەتی نان.

وادەی گران بوونی شتومەکە سەرەکییەکان لە سەرەتای خولی نوێی سەرکۆماری ڕۆحانی بە خەڵک درا؛ لەو وادە و بەڵێنانە بڕیار وابوو کە نرخی بەنزینیش گرانتر بێت و بەرپرسێکی ڕێژیم وتبووی، بە داخەوە دوو ساڵە نرخی بەنزینمان بەرز نەکردووەتەوە و لە دەوڵەتی نوێی ڕۆحانیدا ئەو وادەیە کردەیی دەکەین.

زیاد بوونی لەڕادەبەدری نرخەکان و کەمی داهاتەکان لە ئێران وای کردووە، کە نرخی هەڵاوسان لە ١٧ ساڵی ڕابردوودا لە ئێران بێ‌وێنە بووە.

گران بوونی شتومەکە سەرەکییەکان لە حاڵێک دایە کە بڕیارە بەرجام بە هۆی کارە تێکدەرانەکانی ڕێژیمی ئێران لە لایەن کۆمەڵگای نێونەتەوەیی هەڵوەشێتەوە و سزای قورستر بەسەر ئەو ڕێژیمەدا بسەپێنن کە ئەوەش ژیانی خەڵك ئەوەندەیتر لە مەترسی دەخات.