کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵمان ئابلۆقەی خستە سەر بانکی سپە

20:02 - 27 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: بە هۆی لەژێرپێنانی یاسا ئێعتبارییەکان، وڵاتی ئاڵمان ئابلۆقەی لە سەر بانکی سپە دانا.

سابین ڕایمێر وتەبێژی ئیدارەی چاوەدیری ماڵی - فدڕاڵی ئاڵمان بە ڕۆژنامەی جرۆزالم پۆستی راگەیاندووە کە ئەو قەدەغە ئیعتبارییە بەهۆی لەژێرپێنانی یاسای ڕێکخراوی بازرگانیە کە بەرامبەرە لەگەڵ بەندی A25ی یاسای بازرگانی وڵاتی ئاڵمان، کە لقی فرانکفۆرتی بانکی سپا ئەو ژێرپێنانەی کردووە.

ئەو بەرپرسە ئاڵمانیە راشیگەیاندووە کە بەهۆی نهێنی بوونی بابەتەکە ناتوانێ زانیاری زیاتر بدرکێنێ.

هەر لە پەیوەندییەدا لەگەڵ کاروباری بانکیدا ماوەیەک پێش بەهمەن عەبدووڵاهی ئەندامی شۆرای دراو و ئێعتبار گوتبووی بانکە گەورەکانی جیهان لە هاوکاری کردن لەگەڵ ئێران خۆدەبوێرن و بەهۆی ناڕوون بوونی بواری ماڵی هەل‌ومەرجی پەیوەندی لەگەڵ بانکە تەراز یەکەمەکانی جیهانمان بۆ نەڕەخساوە.

پێشتر گرووپی تایبەتی کاروبارە داراییەکان لە ئاگادارییەکدا تایبەت بە جێبەجێ نەکردنی پێبەندییەکان هۆشداری دایە ئێران و رایگەیاند کە تا کۆتایی ساڵی ٢٠١٧ دەبێ ئێران هەموو پێبەندییەکانی لە پەیوندی لەگەڵ سپیکردنەوەی دراو و پشتیوانی ماڵی لە تێرۆریزم جێبەجێ بکات.

بانکی سپە پێشتر بە هۆی هاوکاری کردنی ڕێژیمی ئێران لەمەڕ بەرنامەی مووشەکی لە لایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ئابلۆقەی لەسەر دانرابوو.