کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕەزایی دیسان هەڵچوو

14:21 - 28 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: پاسداری ڕێژیم، مۆحسێن ڕەزایی لە لێدوانێکدا باسی لەوە کردووە کە دوای داعش ئالی سعوودیە لە ناو دەچێت.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان مۆحسن ڕه‌زایی، سكرتێری کۆڕی دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی ڕێژیمی ئێران لە نوێترین لێدوانیدا دژ بە سعوودیه گوتوویەتی، دوای ئەوەیکه داعش بە تەواوی لە ناوچەكە كۆتایی ھات و ئیسلامی ڕاستەقینە جێگیر بوو ئەو كاتە بنەماڵەی ئالی سعوود وەك سەدام بۆ ھەمیشە لەناو دەچن.

ئەو پاسدارەی ڕێژیم هەروەها باسی لەوە کردووە کە سعوودیەكان لەگەڵ ئێسرائیل و ئامریكا رێككەوتوون و خەڵكی ناوچەكە تێرۆر دەكەن.

ڕێژیمی تاران خۆی وەکوو جەمسەر و ڕێبەری هەموو شێعەکانی جیهان پێناسە دەکات، و دەیهەوێ هیلالی شیعه لە ناوچەکەدا درووست بکات و ئەوەش چ لە ڕووی مەزهەبی و چ لە ڕووی سیاسەت و مێژووییەوە، بەرژەوەندییەکانی لەگەڵ عەرەبستان یەک ناگرێتەوە.

بەهۆی هەوڵەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ پەرەپێدان بە دەسەڵاتی شیعە و هێنانە سەر کاری شیعەکان لە وڵاتانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست تا دێت ئاڵۆزییەکان زیاتر دەبێت و هەڕەشە و لێدوانەکان ئاماژە بە دەستپێکی قۆناغێکی نوێ و خوێناوی لە نێوان ئەو دوو وڵاتە دەکەن.

لەم ساڵانەدا و بەتایبەت پاش سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی، بە ئاڵۆزبوونی وڵاتانی عەرەبی و ناسەقامگیر بوونی حکوومەتەکان، ڕێژیمی ئێران هەلێکی زێڕینی دەست کەوت بۆ پەرەدان بە بیرۆکەکانی و یارمەتی گەیاندن بە هاوپەیمانەکانی خۆی بە مەبەستی بەدەسەڵات گەیاندن یان بەرگری و پێشگیریی لە ڕوخانی هاوبیر و هاوپەیمانەکانی لەو وڵاتانەدا.

كۆنگرێسی ئامریكاش، له‌ ڕاپۆرته‌كانیدا، ئاماژه‌ به‌ بڵاوه‌پێكردنی میليشیا ئێرانییه‌كان له‌ وڵاتانی سووریه، یه‌مه‌ن وعێراق كردووه‌ کە ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی ڕێژیمی ئێران له‌ ڕێگه‌ی ئه‌و میلیشیایانه‌وه‌ پێگه‌ی خۆی له‌ ناوچه‌كه‌ قایمتر بكات.

پێویست بە وەبیرهێنانەوەیە کە بەرپرسانی ڕێژیم بەردەوام هەڕەشەی هێرش بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە دەکەن و لە ماوەی ڕابردووشدا ڕۆژنامەی کەیهان سەر بە خامنەیی دوای هێرشی مووشەکی بۆ سەر ڕیاز باسی لەوە کردبوو ئامانجی دواتری ئێمە دۆبەیە.