کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تاران، ئامریکا و فەڕانسە ڕێککەوتن

14:59 - 29 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: کۆشکی سپی ڕایگەیاند ترامپ و ماکرۆن دژ بە ئاژاوەگێڕییەکانی کۆماری ئیسلامی و ڕێکاری بەرەوڕووبوونەوەی ڕێککەوتن.

پاش وتووێژێکی تەلەفۆنی نێوانی ئێمانۆئێل ماکرۆن، سەرکۆماری فەڕانسە و دانڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، کۆشکی سپی ڕایگەیاند: دوو وڵات لەسەر ئەوە ڕێککەوتوون کە پێکەوە و بە هاوکاری هاوپەیمانەکانیان لەدژی ئاژاوەگێڕی و گێرەشەوێنییەکانی کۆماری ئیسلامی و حیزبوڵای لوبنان بوەستنەوە.

بەپێی دوایین هەواڵەکان بڕیاریشە لە ڕۆژانی داهاتوودا ماکرۆن سەبارەت بەم پرسە لەگەڵ ڕێبەری وڵاتانی جیهان قسە بکات تاکوو ئەوانیش بهێنێتە نێو ئەم بەرەوە؛ لەم ڕاستایەشدا ناوبراو لەگەڵ میشێل عەون سەرکۆماری لوبنان، عەبدولفەتاح سیسی سەرکۆماری میسر، محەممەد بێن سەلمان جێنشینی پاشای سعودیە و ئانتۆنیۆ گوترێش سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان قسەی کردووە.

ماکرۆن پیشتریش باسی لە مەترسی و هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی کردبوو و وتبووی دەبێ سەبارەت بە بەرنامە مووشەکییەکانی تاران وتووێژیان لەگەڵ بکەین؛ پرسێک کە دژکردەوەی ڕێژیمی لێکەوتەوە و ڕوو لە سەرکۆماری فەڕانسە وتیان: ئەم بابەتە هیچ پیوەندییەکی بە پاریسەوە نییە.

هەر لەمبارەوە ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٨ی خەزەڵوەر یەکیەتی عەرەب لە قاهێرەی مێسر دانیشتنێکی بەپەلەیان ساز کرد و تێیدا وێڕای ئیدانەکردنی سیاسەتی دەستێوەردانی تاران لە کاروباری وڵاتانی ناوچە، داواین لە شۆرای ئەمنیەتی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە هەنگاوی بەپەلە و کردەیی لەدژی تاران بگرنە بەر.