کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا بڕیارێکی نوێی دژی ڕێژیمی ئێران دەرکرد

15:21 - 2 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: دادگای نیۆیۆرکی ئامریکا زیاتر لە ١.٦ میلیارد دۆلاری وەک سزا دژی تێرۆری بەیروت لە داراییەکانی ڕیژیمی تاران بلۆکە کرد.

هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە کە دادگای پێداچوونەوەی فێدراڵی نیۆیۆرک لە بڕیارێکدا دژی ڕێژیمی ئێران بە هۆی کردەوەی تێرۆریستی ئەو ڕێژیمە لە لوبنان بڕی ١.٦ میلیارد دۆلار پارەی لە داهاتەکانی بانکی ناوەندیی بلۆک کرد.

ئەو بڕیارە وەک قەرەبووکردنەوەیە بۆ کەسوکاری ئەو ئامریکاییانەی که لە تەقینەوەی تێرۆریستیی بنکەی سەربازیی ئامریکا لە بەیرووتی پایتەختی لوبنان کوژران و بریندار بوون وەردەگیرێ.

ساڵی ١٣٧٥ی هەتاوی دوو بارهەڵگری بۆمبڕێژکراو، لە دوو بنکەی سەربازیی ئامریکا و فەرانسه لە بەیرووت تەقینەوە و بوونە هۆی کوژرانی ٢٤١ سەربازی ئامریکایی، ٥٨ سەربازی فەرانسەوی، شەش هاووڵاتیی مەدەنی و برینداربوونی ٧٥ کەسی دیکە.

هەر ئەو کات ساڵی ١٣٧٥ دەوڵەتی ئامریکا سپای قودسی رێژیمی ئێرانی بە دەست تێدابوون لە تەقاندنەوەی بینای ئەلخۆبەر تاوانبار کردبوو.

ئەمە یەکەمجار نییە کە تاران بەتۆمەتی لەم چەشنە سزا دەدرێت؛ پێشتریش دادگای لوکزامبۆرگ لە ٢٢ی مارسی ساڵی ڕابردوودا تارانی بەتۆمەتی دەست تێدابوون لە هێرشە تێرۆریستییەکەی ١١ی سێپتامبر بە بڕی ١ میلیارد و ٦٠٠ میلیۆن دۆلار سزا دابوو.

هەر لەهەمان کاتدا دادگای مەنهەتەنی نیۆیۆرک بڕیاری داخستنی بونیادی عەلەوی ڕێژیمی دەرکرد و دەستی بەسەر بیناکەیدا گرت کە نرخەکەی زیاتر لە ٥ میلیارد دۆلار بوو و ڕادەستی ئەو بنەماڵانەی کرد کە بەهۆی کردەوە تێرۆریستییەکانی تاران خەسارمەند بوون.