کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژیانی بوومەلەرزەلێدراوانی کرماشان نالەبارە

14:57 - 4 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: نەبوونی خزمەتگوزاری و دابین نەکردنی ئیمکاناتی سەرەتایی بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەی کرماشان لەلایەن بەرپرسانی ڕێژیمەوە دۆخی ژیانی هاووڵاتیانی کوردی دژاور کردووە.

لە دوای بوومەلەرزەی شەوی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢١ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی، وێرانییەکی زۆر به هۆی ئەو بوومەلەرزەیەوە ڕوویدا و ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیانی کورد لە کرماشان گیانیان لە دەست دا. ئەوەش لە کاتێکدا بوو کە بەرپرسانی ڕێژیم تەنیا بۆ ماوەی ٢ ڕۆژ کاروباری گەڕانیان لە شوێنی بوومەلەرزەکە ئەنجام دا.

ئێستا وەرزی سەرما لە كوردستانی ڕۆژهەڵات دەستی پێکردووە و پارێزگای کرماشان لەو بەشەی ڕۆژهەڵات پلەی سەرمای بەرز بووەتەوە و بومەلەرزەلێدراوانی سەرپێڵی زەھاو لەو پارێزگایەدا لە دۆخێكی زۆر دژواردا دەژین و دەڵێن: ئەو خێوەتانە ناتوانن لە سەرمای زستان بیانپارێزن.
بەپێی دوایین ڕاپۆرتەکان دەیان ھەزار كەس لە سەرما و سەهۆڵبەنداندا لە خێوەتەکاندا دەژین كە ئەم خێوەتانە لە ھاوینان بۆ گەشت و پشوودان بەكاردێن؛ لەم ڕاستایەدا ڕێژیم هیچ هاوکارییەک ناکات و بە ناچار خەڵک بۆ خۆپاراستن لە سەرما بە ھەرچی لەبەردەستیانە پەنایەكی قایمتر و گەرمتر بە دەستی خۆیان دروست دەکەن.

سەرما و نەبوونی پەناگە ھەڕەشە لە تەندروستی خەڵك و بەتایبەت منداڵان دەكات و ئەگەر کانێكسیان بۆ دابین نەکرێت، بەو هۆیەوە کە سەرما و سۆڵە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات چەند مانگ بەردەوام دەبێت ئەگەری كارەساتی ناخۆشتر بۆ بومەلەرزەلێدراون لە ئارادایە؛ خەڵک لەو بارەیەوە بە جیددی هۆشداریان داوە و داوای یارمەتی لە هاونیشتمانیانیان دەکەن.

پێشتریش هاووڵاتییان باسیان لەوە کردبوو کە دوای ئەو بوومەلەرزەیە و وێرانییەکانی و هاتنی شەپۆلێکی باران و لافاو، دۆخی ژیانیان دژوارتر بووە. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕێژیمی ئێران بۆ شاردنەوەی کەم‌کارییەکانی خۆی بە بردنی چەند بەرمیل نەوت بۆ خەڵک و کۆکردنەوەی دەیان میدیا و ڕاگەیاندن هەوڵی دا بیروڕای گشتی چەواشە بکات. و وابنوێنێ کە سەرقاڵی خزمەتگوزارییە بە بەجێماوانی کارەساتەکە.

ئەم شانۆگەرییەی ڕێژیم لە کاتێکدایە کە لێکۆڵینەوەی پسپۆڕانی وەزارەتی مەسکەن و شارسازی دەریخستووە کە لە بوومەلەرزەکەی کرماشاندا ٣٠ هەزار و ٥٠٠ خانوو روخاون کە لەو رێژەیە ١٦ هەزار خانوویان بە تەواوەتی وێران بوون و بۆ نۆژەنکردنەوە نابن.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران سەرەڕای ئەوەیکە کەمترین خزمەتگوزاری بە هاونیشتمانییانی کورد ناکەن، بچووکترین خزمەتگوزارییەکانیان بە دەیان دەزگای میدیایی ڕووماڵ دەکەن و گەورەی پیشان دەدەن. لەسەر ئەم بنەمایەش دەبینین کە خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە و بەشێوەکەی چڕوپڕ یارمەتی بۆ خەڵکی بوومەلەرزەلێدراوی کرماشان کۆ دەکەنەوە و بەردەوام بە هانای هاونیشتمانیانی خۆیانەوە دەچن.

خەڵک لە شارەکانی شنۆ، سەقز، سنه، مەهاباد و چەند شاری دیکەی کوردستان و ئێران کانێکسیان بۆ خەڵکی لێقەوماوی کرماشان ساز کردووە و بۆیان دەبەن تا لەژێر سەرمای وەرزی سەرمادا سەرپەنایان هەبێت.
ڕێژیمی ئێران بە جێگای ئەوەیکە یارمەتی خەڵکی لێقەوماو بدات دەس بەسەر یارمەتییە خەڵکییەکاندا دەگرێت بۆ خۆی دەبات تاکوو دەست‌وپێوەندییەکانی خۆی پێ تەیار بکات.

لەلایەکی دیکەشەوە پاش کەمتەرخەمییەکانی بەرپرسانی ڕێژیم بۆ خاوێن‌کردنەوە و نۆژەنکردنەوەی ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکانی کرماشان، ئەنجومەنە خەڵکییەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان قۆڵی هیممەتیان لێهەڵماڵیوە و خۆیان ناوچەکە خاوێن دەکەنەوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکان لاوانی و پارێزەرانی ژینگەی کوردستان ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٣ی سەرماوەز لە قۆناغی یەکەمدا بڕیاری خاوێن کردنەوە و کۆکردنەوەی زبڵ و پاشماوەکانیان لە شاری سەرپێڵی زەهاو داوە.

لووتکەی تراژێدیای کرماشان لەوێدایە کە لە حاڵێکدا خەڵکی کوردستان لە پارێزگای کرماشان تووشی کارەساتی مرۆیی بوون، لێپرسراوانی ڕێژیم خۆیان بە گەشت و سێلفی گرتنەوە سەرقاڵ کردووە. قوڵی ئەم کارەساتە ئەوەندە زۆرە کە بەشێک لە ڕۆژنامە و ڕاگەیەندنەکانی سەر بە ڕێژیمیش هاتوونەتە دەنگ و بڵاویان کردووەتە کە لە کرماشان تور زلزلەگردی بەڕێوە دەچێت.