کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەلسەفەی \"حەق\" و یەکپارچەیی هەرێمی

20:37 - 4 سەرماوەز 2717

کەریم پەرویزی

سەرماوەزی ١٣٩٦


هیچ شاراوە نیە کە ئەم بابەتە لە کاتێکدا لە دایک دەبێ کە لە کۆتاییەکانی مانگی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی لە ئاڵمان ژمارەیەک لە هێزەکانی سەر بە نەتەوە ستەملێکراوەکان وهەروەها سەر بە نەتەوەی باڵادەست، پێکەوە شوورایەک بە ناوی شوورای دێموکراسیخوازانی ئێرانیان پێک هێنا.

راگەیاندنی پێکهێنانی ئەو شوورایە لەگەڵ کاردانەوەی زۆر و جۆربەجۆر بەرەوڕوو بوو. ئەوەی کە پێویستە ئاماژەیەکی کورتی پێ بدەم ئەوەیە کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیش لە وتووێژ و دیالۆگەکانی پێوەندیدار بە دامزەرانی ئەو شوورایە بەشدار بوو، بەڵام بە خوێندنەوەی خۆی لێی کشایەوە و قسەی حیزبی دێموکرات لەوبارەوە چی بوو، مەبەستی ئەم نووسراوە نیە.

ئەم بابەتە زیاتر لەوەی روو لە ئەو هێزانە بێ کە ئەو شوورایەیان پێک هێناوە، رووی لە خودی ئەم حیزبەیە کە نووسەری ئەم بابەتەی تێدا ئەندامە واتە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ئەوەش نەک لەبەر ئەوەی کە پێویست نەکا لەگەڵ هێزەکانی پێکهێنەری ئەو شوورایە و بەتایبەت هێزە کوردیەکانی بەشدار تێیدا دیالۆگی رەخنەگرانەمان هەبێ، بەڵکوو زۆرتر مەبەستم ئەوەیە کە تێڕوانین و هەندێک بیرکردنەوەم بێنمە بەرباس کە رەنگە لە رابردوو و لە داهاتووشدا پرسە سیاسیە هاوشێوەکان بەرەورووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیش بووبێتن یان ببنەوە. بۆیە ئەوەی دەمەوێ بیڵێم بە بیانووی پێکهێنانی ئەو شوورایە گۆشەنیگای ئەزە بۆ چەمکێک بەناوی یەکپارچەیی هەرێمیی ئێران یان بەو شێوەیەی فارسەکان حەزیان لێیە ناوی ببەن حفظ تمامیت ارضی ایران باس بکەم و درگای دیالۆگێکی رەخنەگرانەمان لە نێواندا کراوە بێ. ( لە دەستەواژەی ئینگلیسیی ئەوچەمکەدا کە دواتر دەچینە سەری، بەم شێوە هاتوە:

territorial integrity کە ترێتۆری بە مانای هەرێمی ژێر فەرمانرەوای دێ یان ئەو خاکەی کە ژێر فەرمان و ئیدارەی حکومەتێکی دیاریکراودایە و فارسەکان زۆرتر بە ئانقەست وشەی ارض بەکار دێنن بۆی و مانای دروستی فارسیەکەی قلمرو ە کە کوردیەکەی دەبێتە هەرێم و ترێتۆریاڵ دەبێتە هەرێمی)

پێش لەوەش بڕۆمە سەر باسەکە، دەبێ ئەوەش بڵێم کە بەداخەوە لە نێو ژمارەیەک لە چالاکانی سیاسی و هەندێک لە لایەنگرانی حێزبەکاندا دیاردەیەکی ناشیرین زۆر جار دووپات دەبێتەوە. لە جیهانی سیاسەت و لە رەوتی تێکۆشانی سیاسیدا هەر هێز و لایەنێکی سیاسی روانگەیەکی تایبەتی خۆی و روانینی تایبەتیشی بۆ دیاریکردنی بەرژەوەندیە گشتی و نەتەوەیی و خەڵکیەکان هەیە و لە روانگەی خۆیەوە هەڵوێست دەگرێ و روانگەکانی دەکا بە کردەوە و ئەمەش شتێکی سروشتیە و رەنگە زۆرجاریش روانگەکان دژ بەیەک بن و خەڵکانێک پێیان خۆش بێ کە هەموو هێزە سیاسیەکان یەک هەڵوێست و یەک روانگە بن، بەڵام جیاوازیی خوێندنەوە ئاساییە و قەت ناسڕێتەوە. خستنە رووی روانگەی هەر تاک و هێزێکیش بەنیسبەت روانگە و هەڵوێستی تاک و هێزی دیکەوە هەم ئاساییە و هەم دێموکراتیک و هەم گەر دیالۆگێکی تەندروست و رەخنەگرانەی لی ساز ببێ، داهاتوویەکی باش بۆ گەل بونیات دەنێ.

بەڵام بەداخەوە دیاردەیەکی ناشیرین زۆر جار دووپات دەبێتەوە کە ئەویش سووکایەتیکردن و بێرێزی بەرامبەر بە هەڵوێست و کرداری یەکدیە لەباتی دیالۆگی بونیاتنەر و رەخنەگرانە. لە سووکایەتی و بێرێزیدا هیچ دەرەتانێک بۆ لێکتێگەیشتن و چاکسازیی هەڵوێستەکان نامێنێ و تەنیا لە بۆسەی ئەوەدا دەبین تاکوو لە داهاتوودا قەرەبوو بکەینەوە و هەڵە لە یەکدی بدۆزینەوە و لێکی لە هەڵا بدەین. ئەوە دیاردەیەکی ناتەندروستە کە تەنیا شانتاژچی و لە کۆتاییشدا دوژمنی سەرەکیمان واتا کۆماری ئیسلامی قازانجی لێ دەکا.
لە پەراوێز کورتی کەینەوە و بڕۆینە سەر ئەسلێ مەبەست.

پێش باس:

گەر لە نەتەوە ستەملێکراوەکانی دیکە لە ئێران گەڕێین، تەنیا باسی نەتەوەی خۆمان بکەین، زۆربەی هێزە کوردیەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەدوای چارەسەری پرسی کورد لە چوارچێوەی ئێراندا دەگەڕێن و هەرکام بە شێوازی دەربڕین و ئەدەبیاتی خۆی دەیەوێ لە جوغرافیای سیاسیی ئێراندا رێگا چاری بەڕێوەبردنی دادپەروەرانەی وڵاتی ئێران و گەیشتنی کورد بە مافەڕەواکانی بێتە ئاراوە. تا درەنگیش نەبووە ئەوە بڵێم کە هەم ئەو ئێرانەی کە هێزە کوردیەکان بیری لی دەکەنەوە و دەیانەوێ وەدی بێ لەگەڵ ئەم ئێرانەی ئێستا هەیە زۆر جیاوازە و روئیای دیکەیان بۆی هەیە و هەم لە نێو هێزە کوردیەکانیش دا هەن کەسانێک کە داوای سەربەخۆیی کوردستانی رۆژهەڵات دەکەن و کاریان بە ئێران و کۆڵەکەکانیەوە نیە.
ئەوەی کە گرنگە ئاماژەی پێ بدەین شێوە روانینی هێز و تاکی سیاسیی کوردە بەنیسبەت پرسی کوردەوە کە وای لێ دەکا بە دوای رێگا چارەی تایبەتی خۆیدا بگەڕێ.

چەند شێوە روانین بە نیسبەت پرسی نەتەوەییە دەکرێ هەبن و لە نێو کوردستانیشدا هەن، کە ئاماژە بە چەند جۆریان دەکەین.

یەکەم، شێوە روانینێک پێی وایە کە چەند نەتەوەی جیاواز لە رەوتی مێژوودا لە پەنا یەک لە جوغرافیایەک بەناوی ئێران پێکەوە ژیاون و ئێستاش درێژە بە ژیان دەدەن. ئەم پێكەوە ژیانەیان مەرج نیە کە حەتمەن بەشێوەی ئاشتیانە و ئارام بووبێ و پێوەندییان هەموو کات دۆستانە بووبێ. لەم روانینەدا ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە نەتەوەکان جیاوازن و هیچ کامەیان بەشێک لەوەی دیکە نین و هیچیان سەرتر لەوی دیکە نیە و مانەوەشیان لە یەک چوارچێوەی جوگرافیای سیاسیدا یان بە زەبری هێز یان بە هەر هۆیەکی دیکە بووبێ، نیشان لەوە نیە کە بە حەزی خۆیان خاکیان پێشکەشی ئەویتر کردبێ.

روانینی دووهەم بریتیە لەوەی کە پێکەوە ژیان و تەنانەت شەڕی نێوان گرووپەکان و بەرژەوەندیی هاوبەشی خەڵک لە جوغرافیای سیاسی ئێراندا و پرسە کەلتووریەکان و تێکەڵاویی کۆمەڵایەتی و ... پارامیترەکانی نەتەوەیەکی بەناو نەتەوەی ئێران دروست کردوە و کوردیش وەکوو بەشێک لە نەتەوەی ئێران پێناسە دەکا کە خاوەنی تایبەتمەندیی کەلتووریی خۆیە.

روانینی سێیەم پرسی نەتەوەیی و جیاوازیی نەتەوەیی بە شتێکی رووکەش و ناراستەقینە دەزانێ کە جیاوازیە کەلتووری و زمانیەکان دەکرێنە دەسمایەی ئاڵۆزیی نێو خەڵکان و ژیانی دادپەروەرانەی تاکەکان دەتوانێ هەموو ئەو گرفتە رووکەشانە چارەسەر بکا و بسڕێتەوە و رووی راستەقینەی درۆ ناسیۆناڵیستیەکان دەر بخا.

لەم باسەماندا زۆرتر لەسەر روانینی یەکەم و دووهەم باس دەکەین و روانینی سێهەم نوێنەر و دەنگی خۆی هەیە کە رەنگە زۆری حەز لەوە نەبێ بێتە نێو ئەم باسەوە و باسەکەی پێ لاوەکی بێ.

مافی نەتەویی و بنەما تیۆریەکانی

بەشیکی زۆری هێزە کوردیەکانی رۆژهەڵات خاوەنی روانگەی یەکەم بەنیسبەت بوونی نەتەوەکان لە ئێران و پێناسەیان بۆ نەتەوەی کوردن. بەواتایەکی دیکە لە روانگەی ئەو هێزانەوە لە ئێراندا چەندین نەتەوە بوونیان هەیە و کوردیش نەتەوەیەکە کە خاوەن ماف و خاکی خۆیەتی. لە روانگەی ئەم هێزانەوە نەتەوەی کورد خاوەنی ئەو مافەیە کە خۆی و خاکەکەی ئیدارە و حوکم بکا و رەنگە وەڵامیان بۆ ئەو مافە جیاواز بێ. بۆ وێنە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو چوارچێوەیەدا کە ئیمکان و ئامادەیی سیاسی و ژیئۆ پۆلیتیک و ژیئۆستراتژیک بۆ جیابوونەوە لە وڵاتی ئێران نابینێ، لە چوارچێوەی جوغرافیای سیاسیی ئێراندا بەدوای وەڵام بۆ مافە پێشێلکراوەکانی کورددا دەگەڕێ و دەیەوێ کورد ئیرادەی نەتوەیی بەسەر خاک و خەڵکەکەیدا بێنێتە دی و وڵاتی ئێرانیش شوناسێکی نوێی هەبێ کە تێیدا نەتوەجیاوازەکان بە یەکسیانی تێیدا دەژین. لەگەڵ ئەوەشدا بە راشکاوی زۆر دەمێک باسی کردوە کە گەر کورد لە ئێراندا داوای وڵاتی سەربەخۆی خۆی بکا و تەنانەت بیەوێ لەگەڵ بەشەکانی دیکەی کوردستاندا یەکبگرێتەوە، نەک تاوانی نەکردوە، بەڵکوو مافێکی رەوای خۆیەتی و ئەوە یەکگرتنەوەی کوردستانی بەزۆر دابەشکراوە.
هێزە کوردیەکان کە لە چواچێوەی جوغرافیای سیاسیی ئێراندا بەدوای چارەسەر دا دەگەڕێن، زۆر سروشتیە کە بەدوای هاوپەیمانیشدا بگەڕێن.

سەردەمانێک لە قۆناخێکی مێژوویدا کورد پێی وابوو هیزە چەپە سەرتاسەریەکان بەپیی بنەمای فیکرییان هاوپەیمانی نەتەوەی خوازیاری مافی کورد دەبن. کە دواتر نموونەی حیزبی توودەمان بینی کە تەنیا کاریان خیانەت بە مافی نەتەوەکان و هەوڵدان بۆ بەلاڕیدا بردنی خەباتی کورد بوو.

کورد بۆ درێژەدان بە خەباتی و بۆ سەرکەوتن بە سەر دوژمنی سەرەکی واتە کۆماری ئیسلامیدا و بۆ گەرەنتیی دەسکەوتەکانی دوای رووخانی کۆماری ئیسلامی پیویستی بە هاوپەیمان هەیە و لەو روانگەوە هەر هێزێک رەنگە خوێندنەوەی جیاوازی بۆ جۆری هاوپەیمان و شێوازی هاوپەیمانی پێک هێنان هەبێ.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێی وایە کە نەتەوە ستەملێکراوەکانی دیکەی ئێران وەکوو بەلووچ و عەرەب و ... دەتوانن (دەتوانن لەگەڵ دەبن جیاوازە!) هاوپەیمانی کورد بن. هەروەها پێی وایە ئەو هێزانەی لە نێو نەتەوەی فارسیشدا کە بڕوای راستەقینەیان بە دێموکراسی هەیە دەکرێ هاوپەیمانییان لەگەڵ پێک بێ و پاڵپشتی خەباتی رەوای کورد بن.

لە سەردەمانی کۆندا کە هەر نەتەوەیەک کە هێزی چەکدار و ژمارەی جەنگاوەری زۆرتر بوایە دەیتوانی نیشتمانی نەتەوەکانی دیکە داگیر بکا یان لەبەرامبەر هێرشی داگیرکەراندا خۆراگری بکا و وڵاتەکی بپارێزێ و لەراستیدا مەنتق، مەنتقی هێز بوو. لەئێستادا جیا لە مەنتقی هێز گەر بتوانی لە نێو دەلاقە جیهانیەکان و روانینە گشتیەکاندا دەریچەیەک بۆ رەوایی ماف و داواکاریەکانت بدۆزیتەوە، دەتوانی لەگەڵ خەڵکی دیکەدا قسە بکەی و وەک دوکتۆر قاسملوو دەیگوت، پاڵپشتی سیاسی بۆ خەباتەکەت بدۆزیتەوە. لەو روانگەیەوەیە کە ساڵانێکی زۆرە کە حیزبی دێموکرات و هێزەکانی دیکە باس لە جارنامە جیهانیەکان و بۆچوونەکانی سەردەم دەکەن. ئەمە جیا لەوەی کە ئەو دەسکەوتە جیهانیانە جیا لە پاڵپشتی بۆ خەباتەکەت، شێوە ژیان و ئیدارەکردنی باشتر و سەرکەوتووترت پێ دەناسێنن.

هەندێک لەو دەسکەوتە جیهانیانە، بریتین لە دێموکراسی، مافی مرۆڤ، مافی گەلان و مافی دیاریکردنی چارەنووس و ....
یەکێک لەو بەڵگە گرنگانەی کە بەردەوام ئاماژەیان پی دەدرێ، جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤە کە ئێمەی ستەملێکراو دەستی پێوە دەگرین و خۆمان بە لایەنگری نیشان دەدەین. هەرچەند ئەو جاڕنامەیە زۆرتر باس لە مافی تاک دەکا و بۆ دابینکردن مافی تاک دەسکەوتێکی پڕبایەخە. بەڵام هەندێک خاڵی تێدا هەیە کە دەتوانین پیناسەی مافی کۆ و نەتەوەییشمانی تێدا بدۆزینەوە و لە راستیدا بنەمای فەلسەفیی مافەکانمان لەو بەڵگە جیهانیانەدا دەستنیشان بکەین.

جیا لە جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤ، بەڵگەیەکی دیکە هەیە بەناوی پەیماننامەی مافە مەدەنی و سیاسیەکان کە کەمتر باسی لی دەکرێ و بۆ خوێنەر و چالاکی سیاسی لە ئێراندا کەمتر ناسراوە کە دواتر ئاماژە بە هۆکاری کەمتر ناسراو بوونەکەی دەکەین.

لێرەدا چەند خاڵ لەو بەڵگە و پەیمانامە ئاماژە پی بدەین کە پێوەندییان بە مافی گرووپ و کۆمەڵەوە هەیە:

خاڵی ١٥ی جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤ باس لە مافی نەتەوەیی دەکا کە فارسەکان تەنیا پێناسەی تابعیتی لێ دەخوێننەوە و ئێمەی کوردیش دەتوانین پێناسەی نەتەوەبوونی لێ بخوێنینەوە.

خاڵی ١٥ دەڵێ:
Everyone has the right to a nationality.
No one Shall be arbitrarily deprived of his nationality nor denied the right to change his nationality.

مانا فارسیەکەشی ئاوا لە هەندێ شوێن کراوە:
هر انسانی محق بە داشتن تابعیتی است. هیچ احدی را نمیبایست خودسرانە از تابعیت خویش مەحروم کرد و یا حق تغییر تابعیت را از وی دریغ نمود.

لەم خاڵەدا بەرونی باس لە مافی خۆبەئەندامی نەتەوەیەکزانین دەکا و لایەنە سیاسی و فیکریە فارسەکان لە زۆربەی هەرزۆری شوێنەکان تەنیا پێناسەی تابعیت یان ئەندامی وڵاتێک یان بۆ Nationality کردوە کە دەیانەوێ نەتەوەکانی دیکە لە ئێراندا نەزانن کە بە پێی جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤ دەتوانن داوای پێناسەی تایبەتی نەتەوەیی خۆیان بکەن و مافێکی رەوای جیهانیە.

لەمە روونتر و گرنگتریش پەیماننامەی مافە سیاسی و مەدەنیەکانە کە لە ٢٥ی سەرماوەزی ١٩٦٦ پەسند کراوە و ئێرانیش ساڵی ١٣٤٧ ئەو پەیماننامەیەی واژۆ کردوە. لەو پەیماننامەیە زۆر خاڵی گرنگی سیاسی و مەدەنی تێدایە کە مافێکی زۆر بۆ گرووپ و کۆمەڵگاکان دابین دەکا. بەڵام لە خاڵی یەکەمی ئەو پەیماننامەیەدا بەرونی باسی مافی نەتەوەکان هاتوە.
خاڵی یەکەمی کە مافەکان دیاری دەکا ئەمەیە:

All peoples have the right of self-determination. By virtue of that right they freely determine their political status and freely pursue their economic, social and cultural development.

مانا کوردیەکەشی دەبێتە ئەمە:
هەموو گەلان خاوەنی مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیانن. بەپیی ئەم مافە گەلان بە ئازادانە وەزعی سیاسیی خۆیان دیاری دەکەن و بەشێوەیەکی ئازادانە وەدوای گەشەی ئابووری، کۆمەڵایەتی و کەلتوورییان دەکەون.

لەم خاڵەدا بە روونی باسی لە مافی دیاریکردنی چارەنووس بۆ چەمکێک بە ناوی people کردوە. نە باسی تاک و نە باسی نەتەوەی خاوەن دەوڵەت کە زۆرتر بە Nation دەناسرێ بەڵکوو باسی گەل دەکا ئێستە ئایا دەوڵەت هەبێ یان نە، گرنگ نیە .

هەر لەبەر ئەو مافە گشتی و کۆیانەیە کە بۆ گەلان و کۆمەڵگاکان بەرەوا بینراوە و لە پەیماننامەی مافە مەدەنی و سیاسیەکاندا هاتوە، رووناکبیر و سیاسیی فارس زۆر باسی ئەو پەیماننامە ناکەن و هەر کە باسی مافی دیاریکردنی چارەنووس دەکەی دەڵێن ئەو مافە بۆ نەتەوەی خاوەن دەوڵەت دیاری کراوە و بە رای ئەوان نەتەوەی دەسکردی ئێرانە کە خاوەنی ئەو مافەیە نەک کورد و عەرەب و بەلووچ و ...!

تا ئێرە پیم وایە بنەمایەکی سیاسی، فەلسەفی، و ستراتژیکمان بۆ پێناسەکردنی خۆمان و مافە نەتەوەییکانمان باس کردوە و بەو شێوە رەواییەکی جیهانیش بە داواکاریەکانمان دەدەین. بەڵام ئەوەی گرنگە و دەمەوێ باسی بکەم چەواشەکاریەکە کە هەندێک لە تێڕوانینی نێو نەتەوەی فارس کە تێڕوانینێکی شۆڤێنیستییان بۆ پرسەکان هەیە، لە نێو کەشی سیاسیی ئێراندا چەسپاندوویانە. ئەو چەواشەکاریە بریتیە لە هێنانە ئارای چەمکێک بەناوی حفظ تمامیت ارضی کە وا نیشان دەدەن کە ئەم چەمک و دەستەواژەیە شتێکی جیهانیە و لە بەڵگەکانی مافی مرۆڤیشدا هاتوە و هەر چالاکێکی سیاسیی ئێران دەبێ پابەندی بێ!

چەمکی چەواشەی یەکپارچەیی هەرێمیی ئێران

لە هەموو بەڵگە و پەیماننامە نێونەتەوەییەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ و مافی گرووپ و نەتەوەکاندا بگەرێ، شتێک بە ناوی پاراستنی یەکپارچەیی وڵات یان خاک نابینیتەوە.

جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤ کە سەرتاپا باسی مافی مرۆڤەکان دەکا و لەبەرامبەر دەسدرێژیەکانی دەوڵەتەکاندا دیفاع لە مرۆڤەکان و کۆمەڵگاکان دەکا و نەک باسی یەکپارچەیی هەرێمی و ئەو چەمکە شۆڤێنیستیە ناکا، بەڵکوو بە روونی باس لە مافی مرۆڤەکان بۆ هەڵبژاردنی شوێنی ژیان و تەنانەت لە خاڵی ٢٨ی جارنامەی جیهانیی مافی مرۆڤدا باس لە نەزم و یاسایەک نێونەتەوەیی و کۆمەڵایەتی دەکا کە دەبێ بۆ پاراستنی مافی مرۆڤەکان پێک بێ و مافی مرۆڤ لە پێشەوەی سەروەریی دەوڵەتانەوە دادەنێ و اولویت بە مرۆڤ دەدا نەک ئیرادەی دەوڵەتەکان.

پەیماننامەی مافە مەدەنی و سیاسیەکان و هەر وەها پەیماننامەی مافە ئابووری و فەرهەنگیەکان و پرۆتۆکۆلە هاوپێچەکانیان، هەموویان باسی مافی مرۆڤەکان و گرووپەکان و گەلان دەکەن.

لە راستیدا ئەوەی کە لە فەلسەفەی ئەو پەیمان و جارنامانەدا دەبینرێ، بریتیە لە بایەخدان بە مرۆڤ نەک بایەخدان بە ئیرادەی دەوڵەت و هەرێمی ژێردەسەڵاتەکەی. ئەگەر ئەو دەسەڵاتەش دژەئینسانی و دژی دێموکراسی بێ، ئەوە ئیتر رێگە بە نەزمی نێونەتەوەیی دەدا کە گوشاری بۆ بێنی تاکوو رەچاوی مافی تاکەکان و گرووپ و گەلانی ژیردەستی بکا.

تەنیا شوێنێک کە لە بەڵگە جیهانیەکاندا باس لە سەروەریی دەوڵەت و یەکپارچەیی هەرێمی دەکا، مەنشووری رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە.

لە خاڵی دووهەمی ئەو مەنشوورەدا کە پێکهاتەی UN باس دەکا و وڵاتانی ئەندامی ئەو رێکخراوە قبوڵیان کردوە هاتوە:
All members Shall refrain in their international relations from the threat or use of force against the territorial integrity or political independence of any state, or in any other manner inconsistent with the Purposes of the United Nations.

ئەم خاڵە دەڵێ:
هەموو ئەندامان لە پێوەندیە نێونەتوەییەکانیاندا خۆیان دوور دەگرن لە بەکارهێنانی هەڕەشە یان زۆر بە دژی یەکپارچەیی هەرێمی یان سەربەخۆیی سیاسی وهەر دەوڵەتێک، یان بەکارهێنانی هەر رێگەیەک کە لەگەڵ بنەماکانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکاندا دژایەتیی هەبێ.

ئەم خاڵە سێ کۆڵەکەی سەرەکیی تێدا روون و بەرچاوە:
یەکەم باس لە ودەوڵەتانی ئەندام دەکا.
دووهەم باس لە پێوەندیە نێونەتەوەییەکان دەکا.
سێهەم چەمکی یەکپارچەیی هەرێمیی لە پێوەندیی نێوان دەوڵەتاندا پێناسە کردوە. تا بەو شێوە سنووری دەسەڵاتی هەر دەوڵەتێکی پێ پێناسە بکا.

ئەوەی کە لە ئێران و لە بیرکردنەوەی شۆڤێنیستیدا جێی گرتوە و دەیانەوێ بیکەن بە هێژموونیی سیاسی و هزری لە نێو هەموو ئێراندا، ئەوەیە کە بە کەڵکی نابەجێ وەرگرتن لە دەستەواژەیەک کە بۆ دیاریکردنی سنووری نێوان دوو یان چەند دەوڵەت لە چارت و پێکهاتەی UN دا ئاماژەی پێ دراوە، بیرۆکەیەکی چەواشە دروست بکەن کە پیرۆزی بە سنوورەکان ئێران ببەخشێ و چەمکی حفظ تمامیت ارضی ایرانیان لێ هەڵێنجاوە تاکوو هەموو گرووپ و نەتەوەکانی ئێران ملکەچی دەسەڵاتی ناوەندی بکەن.

لەراستیدا بەو چەمکە چەواشەیە هەموو خاڵ و بەندەکانی جاڕنامە و پەیماننامە جیهانیەکان پووچەڵ دەکەنەوە و پێت دەڵێن کە تۆ دەبێ سوێند بخۆی کە واز لە مافی روون و بێ گرێوگٶڵی خۆت کە لە پەیماننامەی مافە مەدەنی و سیاسیەکاندا هاتوە دێنی و سوێند بۆ دەسەڵاتی ناوەندی دەخۆی کە ملکەچی ئیرادەی نەتەوەی حاکم دەبی و واز لە ئیرادەی خۆت دێنی.

سەیرتر لە هەموو ئەوەی کە هەموو گرووپە فارسەکانیش کە ئیدیعای دێموکرات بوون و پێبدەندی بە جاڕنامە جیهانیەکانەوە دەکەن، ئەوانیش هەر باس لە چەمکی شۆڤێنیستیی پاراستنی یەکپارچەیی هەرێمی لە نێو نەتەوەکان و کۆمەڵگای ئێراندا دەکەن و بەناوی دێموکراسی و پێبەندبوون بە مافی مرۆڤیشەوە پێت دەفرۆشن و وایان لێ کردوە کە هەر حیزب و گروپێکی نەتەوە ستەملێکراوەکان کە سوێندی ئەو چەمکەیان بۆ نەخوا بە چاوی تجزیە طلب و ئامرازی دەست بیانی دەیناسێنن.

لەبەر ئەوە چەمکی پاراستنی یەکپارچەیی هەرێمی بە چەمکێکی شۆڤێنیستی دەناسین چوونکە لە دەستەواژەیەکی رێکخراوی نێونەتەوەیی لە پێونەدیەکانی نێو دەوڵەتانەوە کەڵکی نابەجێ وەر دەگرێ تاکوو نەتەوە ستەملێکراوەکان لە نێو کۆمەڵگادا ملکەچی ئیرادەیەکی ستەمکارانە.

ئەوەی کە لەم روانگەویەوە جێگای بایەخە دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر هەرێمی ژێردەسەڵاتیدایە کە دەبێ ئەو هەرێمە پارێزراو بێ و دەوڵەت بەهەموو شێوەیەک دەسەڵاتی بەسەر هەرێمەکدا بسەپێنێ. وەها روانگەیەکە کە رەوایی بە دەسەڵاتی بەغداش دەدا تاکوو بە هاوکاریی سوپای پاسداران و بە هێرشی حەشدی شەعبی و خولقاندنی سەدان تاوان کەرکووک داگیر بکاتەوە.

لەم روانگە شۆڤێنیستییەدا مرۆڤەکان و گرووپەکانی کۆمەلگا ئەساس نین، بەڵکوو ئەساس دەسەڵاتی دەوڵەتە و گەر پێویست بکا دەتوانێ هێز بەکار بێنێ تاکوو گرووپەکان ملکەچی ئیرادەی ناوەند بکا. لەکاتێکدا فەلسەفەی مافی مرۆڤ و گەلان، بەپێچەوانەکەیەتی.

بۆ زیاتر سەلماندنی باسەکان دەتوانین ئاماژە بە هەڵوێستی وڵاتانی وەکوو بریتانیا و کانادا بدەین و نموونەی دیکەش زۆرن بەڵام تەنیا ئەم دوو نموونەیە بەسە بۆ ئەوەی بزانین کە ئەم چەمکە تەنیا بۆ پیوندەیی نێوان دەوڵەتانە نەک نەتوەکانی نێو وڵاتێک.

هەم لە بریتانای لە دوای هاتنە ئارای چەمکی دیاریکردنی چارەنووسەوە رێگا بە سکاتلەند دراوە کە گشتپرسی بۆ چارەنووسی خۆی بکا و هەم لە کاناداش رێگەیان بە خەڵکی کێبێک داوە کە هەر کات ویستیان گشتپرسی بکەن و گەر حەزیان لێ بوو وڵاتی خۆیان دامەزرێنن.

لە هیچ باسێکی سیاسیی نێو ئەو دوو وڵاتەشدا نەیانوتوە کە گشتپرسی لە سکاتەلند یان کێبێک دژی حفظ تمامیت ارضییە! ئایا بریتانیایی و کانادیەکان بە رادەی فارسەکانی ئێران لە مافی مرۆڤ و مافی گەلان تێنەگەیشتوون؟

یان کاتێک کە کوردستانی عێراق ویستی گشتپرسی بۆ دیاریکردنی چارەنووسی بکا، ئەوە تەنیا حکومەتی تورکیە ورژیمی ئێران و هێزە فارسەکان بوون کە باسیان لە چەمکی پاراستنی یەکپارچەیی عێراق دەکرد و تەواوی هێزەکانی جیهان تەنیا دژایەتییان بەرامبەر بە کاتەکەی هەبوو کە دەیانگوت شەڕی دژی داحش لاواز دەکا و یان دەیانگوت لەگەڵ بەغدا بە ڕێککەوتن بیکەن با ئاڵۆزی پێک نەیەت. قەت نەیانگوت ئەوە دژی یەکپارچەیی هەرێمیی عێراقە و مافی کورد نیە!

گەر پاراستنی یەکپارچەیی هەرێمی ببێ بە بنەمای بیرکردنەوەمان، لە ئێرانی داهاتووشدا کە کۆماری ئسیلامی نەمابێ و دێموکراتیکیش بێ، ئەوکات گەر نەتەوەیەکی غەیرە فارس و غەیرە کورد ویستی دەوڵەتی خۆی دابمەزرێنێ، ئەوە دژی یەکپارچەیی هەرێمی ئێران دەبێ و ئەوکات کورد دەبێ یارمەتیدەر بێ تاکوو دەسەڵاتی ناوەندی بەسەر ئەو گەلەدا بسەپێ!

یان گەر لە نێو کورددا هێز و لایەنی وەها پەیدا بوو کە داوای دامەزرانی دەوڵەتی کوردستانی کرد، ئەوکات دەبێ دژی بوەستینەوە چوونکە بنەمای بیرکردنەوەمانی بردۆتە ژێر پرسیار و دژی کار دەکا!

ئەوەی کە بیرکردنەوەی شۆڤێنیستی دەیکا، تەفسیری دڵخوازیەتی لە بەڵگە و پەیمان و دەسکەوتە جیهانیەکان کە رێک بەپێچەوانەی شۆڤێنیزیم بۆ پاراستنی مافی مرۆڤ و گەلان لەدەست دەسدرێژیەکانی دەوڵەت هاتوونەتە ئاراوە.

چەمکی پاراستنی یەکپارچەیی خاکی وڵات تەنیا دەکرێ لەبەرامبەر دەوڵەتانی دەیکەدا پێناسە بکرێ . وەکوو ئەوکاتەی کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران رایگەیاند کە لەبەرامبەر هێرشی رژیمی ئێراقدا ئامادەیە دیفاع لە ئێرانێک بکا کە مافی کوردی تێدا پارێزراو بێ.

تاکتیکێک کە سەری ستراتژی و ئامانجەکان دەخوا

لە پێوەندی بە هاتنە ئارای دەستەواژەی حفظ تمامیت ارضیدا و قبووڵکردنی لە لایەن هەندێک کەسەوە لە نێو کورددا، زۆرتر پەنا دەبرێتە بەر ئەو پاساوەی کە ئەو خاڵە وەکوو تاکتیکێکە تاکوو دڵی هەندێک لە گرووپە سەرتاسەریەکانی پێ رازی بکرێ و ئەو خاڵە بە جۆرێک ئاماژەی پی کراوە و یان دەکرێ کە بەتەواوی ئەو شێوە روانینەی گرووپە فارسەکانی تێدا نەهاتوە و لە پێناوی قبووڵکردنی مافی نەتەوەکانەوە لەلایەن ئەو گرووپانەوە، ئەو ئیمتیازەیان پێ دەدرێ تاکوو بتوانن هێز و گرووپە فارسەکانی دیکە رابکێشن.

ئەوەی کە گرنگە و لە پێوەندیە سیاسیەکاندا بەرچاو دەگیرێ ئەوەیە کە لە چوارچیوەی ئامانجەکاندا ستراتژی دادەڕێژرێ و لە چوارچیوەی ستراتژیی رووندا، هەندێک تاکتیک دەگیرێتە بەر. لە تاکتیکیشدا دەستی هەر هێز و لایەنێک ئاوەڵایە کە تاکتیکەکانی خۆی دابرێژێ و کەس ناتوانێ تاکتیک بۆ لایەنی دیکە دیاری بکا. بەڵام لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە تاکتیک لە چوارچیوەی ستراتژیدا بێ نەک ئەوەی کە تاکتیکێک خودی ستراتژی بباتە ژێر پرسیار و لەوەش خراپتر ئەو تاکتیکەیە کە ئامانج لاواز دەکا و سەری ئامانج دەخوا.

لە پێوەندی سیاسی و هاوکاریی هێزەکانی سەر بە نەتەوە ستەملێکراوەکان و هێزە فارسەکاندا دیارە کە دەبێ هەندێ تاکتیک بگیرێتە بەر کە لایەنی بەرامبەریش پێی رازی بێ و رەنگە بە دڵی تۆ نەبێ بەڵام دڵی ئەوی پێ رابکێشی. بەڵام ئایا لایەنی فارس ئامادەیە بەروونی باس لە پەیماننامەی مافە مەدەنی و سیاسیەکان کە پەنجا ساڵە واژۆیان کردوە بکا و بە روونی بڵێ مافی دیاریکردنی چارەنووس بۆ نەتەوەکان و یەک لەوان کورد قبووڵ دەکا؟

لەکاتێکدا باوەڕمان وابێ کە ئێران لە چەند نەتەوەی جیاواز پێک هاتوە کە هیچیان سەرتر لەویتر نین، ئیتر پێکەوەژیان و پێکەوە بوونیشمان دەبێ بە ویست و حەزی خۆمان بێ و ئەوە دەوڵەتی هاوبەشە کە دەبێ ئەوەندە جەزابیەتی هەبێ کە هیچ کام لە نەتەوەکان حەزیان لە جیابوونەوە نەبێ، نەک نەتەوەکان سوێند بخۆن کە بە هەموو شێوەیەک ملکەچی ئیرادەی پاراستنی یەکپارچەیی هەرێمی دەبن.

کاتێک کە دەستەواژەیەکی شۆڤێنیستیمان قبووڵ کرد کە هەموو بنەما هزری و فەلسەفیەکانی بوون و مافەکانمان دەباتە ژێر پرسیار، ئیتر ئەوە تاکتیک نیە، بەڵکوو دەسبەردانەوە لە ئامانج و بڕواکانیشە.

گەر بڕوامان وابێ کە لە سەرەتاوە ئاماژەم پی دا کە پرسی نەتەوەیی لە روانگەی دووهەمەوە ببینین، واتا قایل بە نەتەوەیەک بە ناوی ئێران بین و کوردیش بەشێک لەو نەتەوە بێ، ئەو کات قبوولکردنی وەها دەستەواژەیەک رەنگە شکڵی تاکتیک بەخۆوە بگرێ، بەڵام لە بیرکردنەوەیەکی وەک شێوە روانینی یەکەمدا، حفظ تمامیت ارضی ترازان لە ئامانج و رووخاندنی ستراتژیە. سازش لە تاکتیک و بەرژەوەندیە کاتیەکاندا دەکرێ و رەنگە لە حاڵەتی لاوازیی هێزدا هەندێ لە ماف و داواکاریەکان بەشێوەی کاتی باسیان نەکرێ، بەڵام سازان لەسەر بنەما و روانگە و ئامانج ناکرێ.