کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لە قەیرانی یەمەن بە قازانجی خۆی کەڵک وەردەگرێت

14:16 - 5 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا ڕایگەیاندووە، کە ڕێژیمی ئێران بە مەبەستی سیاسەتی زێدەخوازی خۆی لە قەیرانی یەمەن کەڵک وەردەگرێت.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان کۆشکی سپی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردووەتەوە، کە وڵاتەکەی پشتیوانی لە سعوودیە دەکات و هەروەها لە بەرانبەر هاوپەیمانانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکەدا بەتایبەت میلیشا نیزامییەکانی حووسی هەڵویستی توند دەگرێتە بەر.

هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا دیسان جەخت کراوە، کە ڕێکخراوی سپای پاسداران هەموو یاسایەکی نێودەوڵەتی پێشێل دەکات و حووسییەکانی یەمەنیش بەو مووشەکانەی کە ڕێژیمی ئێران ڕادەستی کردوون، دەیانهەوێت ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا لەنێو ببەن.

کۆشکی سپی لەو پێوەندییەدا داوای کردووە، کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هەڵویستی جیددی بەرانبەر بە پێشلێکارییەکانی بڕیارنامەی ٢٢١٦ و ٢٢٣١ی شۆرای ئەمنییەت که له لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە ئەنجام دەدرێت بگرێتە بەر.

لەو بارەوە بەهرامی قاسمی وتەبێژی کاروباری دەرەوەی ڕێژیم باسی لەوە کردووە: کە ئێمە چەندین جار ڕامانگەیاندووە، کە هیچ جۆرە پێوەندییەکی نیزامیمان لەگەڵ میلیشیاکانی یەمەن نییە و توانا مووشەکییەکانی یەمەن پرسێکی نێوخۆییە.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیمی ئێران هەروەها باسی لەوە کردووە، کۆشکی سپی و سعوودیە بە هاوکاری یەکتر جەنایەتی دژی مرۆڤایەتی لە یەمەن ئەنجام دەدەن.

لە ماوەی ڕابردوودا هێرش و گرژییەکانی نێوان سعوودیە و ڕێژیمی ئێران توندتر بووە و بەردەوام هەڕەشە لە یەکتر دەکەن.