کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەرمانی نەخۆشییە دژوارەکان بیمە ناکرێن

14:52 - 6 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: لە بڕیارێکدا بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران ڕایانگەیاند، کە نەخۆشییە دژوارەکان بیمە ناکرێن و به شێوەی ئازاد نەخۆشەکان چارەسەر دەکرێن.

هەواڵدەرییەکانی ڕێژیم بڵاویان کردووە، کە نەخۆشییە دژوارەکان لە ئێراندا لەژێر بیمەی دەرمانیدا نەماون و تێچووی نەختی ئەو دەرمانانە بە ئازاد بە نەخۆشەکان دەدرێت و بۆ نموونە دەرمانی نەخۆشی پووکی ئێسک لە ٦٠ هەزار تمەن بۆ ٦٠٠هەزار تمەن بەرز بووەتەوە.

هەروەها بەرپرسانی تەندروستی ڕێژیم باسیان لەوە کردووە، ئەو نەخۆشانەی کە نەخۆشی تالاسمی و دیابتیان هەیه بۆ بەدەستهێنانی دەرمانەکانیان تووشی کێشە بوونە و سەرۆکی ئەنجومەنی ڕۆماتۆلۆژی ئێران وتوویەتی: دەرمانی ٧ هەزار نەخۆش بە جارێک نادرێت و ئەو نەخۆشانە تووشی کێشە بوونە.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم لە قسەکانیدا باسی لەوە کردووە، بیمە نەکردنی دەرمانی ئەو نەخۆشییانە کاریکی نامرۆڤانەیە، چونکە زۆربەی بنەماڵەی نەخۆشەکان ئاستی ماڵیان زۆر لاوازە و کاری لەم چەشنە قەبووڵ ناکرێت.

لە کاتێکدا کە ڕێژیم باس لە دامەزراندنی گەورەترین کارخانەی ئانسۆلین لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دەکات، بەڵام وەزارەتی بێهداشتی ڕێژیم ڕایگەیاندووە، ئانسۆلین تەنیا لە سێ دەرمانخانەی وڵات بە نرخی دەوڵەتی بە نەخۆشەکان دەدرێت.

پێشتریش بەرپرسانی بێهداشت لە ئێراندا، لە نامەیەکەدا بڵاویان کردبوو، کە بیمەی نەخۆشییە دژوارەکان نادەن و نەخۆشەکان خۆیان بە دوای دەرمانی نەخۆشی خۆیاندا بچن و بە شێوەی ئازاد بە دەستی بێنن.

بەرپرسانی ڕێژیم هۆکاری سەرەکی گران بوونی نرخی دەوا و دەرمانەکان بۆ گەمارۆ ئابوورییەکان دەگەڕێننەوە.

ڕۆژانە ڕێژەیەکی بەرچاو لە نەخۆشە تایبەتەکان بە هۆی نابەرپرسیاریەتی ناوەندە پزیشکییەکان و گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان لەسەر ڕێژیمی ئێران کە کەمیی دەوا و دەرمانی بە دواوە بووە، بەرەوڕووی مەرگ دەبنەوە و ئەم کارەساتە لە ناوچە پەراوێزنشینەکاندا چەند قاتە.