کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژانە ٤٩٠ تەڵاق له ئێراندا تۆمار دەکرێت

15:01 - 13 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: به پێی ئامارە بڵاوکراوەکانی ڕێژیم، ڕۆژانه لە ئێران، ٤٩٠ حاڵەتی تەڵاق تۆمار دەکرێت.

بەرزبوونەوەی ئاماری تەڵاق له ئێران، بووەتە دیاردەیەکی تۆقێنەر که هاوتای بێکاری و ئێعتیاد، وەکوو کێشەیەکی کۆمەڵایەتی دێتە ئەژمار؛ بەچەشنێک کە بەپێی ئامارەکانی ڕێژیم، له کۆی چوار حاڵەتی هاوسەرگیری و پێکهێنانی ژیانی هاوبەش، حاڵەتێکی تەڵاق دێتە ئاراوە.

کارناسانی کاروباری کۆمەڵایەتی، کێشە ئابوورییەکان و بێکاری و نەبوونی داهاتوویەکی ڕوون بۆ نەسڵی نوێ له نێو ئێراندا، له هۆکارە سەرەکییەکانی لەنێوچوونی بنەماڵەکان دەزانن.

کاربەدەستانی رێژیم به بەردەوامی دروشمی له نێوبردنی خەسارە کۆمەڵایەتییەکان و چارەسەری کێشەکانی خەڵک دەدەن، بەڵام بەپێی ئامارەکانی خۆیان ڕۆژ به ڕۆژ قەیرانەکان ڕوو له زیادبوون دەکەن و ڕێژیمیش لە ئاست ئەم کارەساتانە دەستەوەستان ماوەتەوە.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی به داڕشتنی بەرنامەی تایبەت و ئۆرگانیک، بۆ بەرەوپێشبردنی سیاسەتە دژەمرۆڤانەکانی، بناغەی بنەماڵەکان له ئێران له‌نێو دەبات.

ئەو منداڵانەی که دایک و باوکیان له یەکتر جیا دەبنەوە، تووشی زۆر کێشە دەبن و داهاتوویان نادیارە و ڕێژیم به هیچ شێوەیەک ئاوڕ لەم کێشەیە ناداتەوە و هیچ پلانێکیشی نییە بۆ ئەو منداڵانه که بێتاوان دەبنه قوربانی دیاردەی تەڵاق.