کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانی خوێندکارانی زانکۆ به بۆنەی ڕۆژی خوێندکارەوە

14:52 - 14 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: به بۆنەی ڕۆژی خوێندکار، له چەندین زانکۆی ئێران، له هەمبەر کێشە و گرفتەکان و سیاسەتە زاڵەکان بەسەر زانکۆدا، خوێندکاران خۆپیشاندانیان ڕێک خستووە.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، له زانکۆی تاران: خارەزمی، تەباتەبایی، شەریف، بەهەشتی و سەدرا، له سەر هەڵاواردنی ڕەگەزی، فەزای ئەمنییەتی زانکۆ و پێشگرتن له ڕێکخراوە سەربەخۆوەکانی خۆێندکاری، خۆپیشاندان بەڕێوە چووە.

له زانکۆی بەهەشتی، خوێندکاران لە بەرانبەر بینای بەرپرسایەتی زانکۆ کۆ بوونەتەوە و ناڕەزایەتی خۆیان له هەمبەر شەهریەی گران دەربڕیوە؛ له زانکۆی عەلامە، خوێندکاران ناڕەزایەتی خۆیان له بەرنامە ئابوورییەکانی ڕێژیم و بێکاری و هەژاری دەربڕیوە و جەختیان له سەر خۆێندنی بێ‌بەرانبەر کردووە؛ له زانکۆی تاران، خوێندکارەکان ناڕەزایەتی خۆیان له هەمبەر سیاسەتە ئابوورییەکانی ڕێژیم دەربڕیوە.

بەگشتی لەو خۆپیشاندانانە، خوێندکاران لەسەر: سەرکۆتی خوێندکاران، هەڵاواردنی ڕەگەزی و بارودۆخی نالەباری خەوتنگەی کچە خوێندکارەکان و بەڕێوەبەریی هەڵەی زانکۆکان و کەشی ئەمنییەتی بەسەر خوێندکاران و سیستمی ئابووریی ڕێژیمی ئێران، ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕیوە.

بەرپرسانی حەراسەتی زانکۆکان هەوڵی زۆریان داوە، بۆ بەڕێوە نەچوونی خۆپیشاندانەکان و له کاتی بەڕێوە چوونیان گوشاری زۆریان خستووەتە سەر خۆێندکاران و کارتی پێناسەی هەندێک له خۆپیشاندەرانیان وەرگرتووە و بانگهێشتی حەراسەت کراون.

ڕێژیمی ئێران له زانکۆکان، وەکوو ناوەندی ڕووناکبیریی زۆر دەترسێت و بە بەردەوامی بە شیوەی چڕوپڕ چاوەدێریان دەکات و به دانانی چەندین بنکەی نیزامی، وەکوو بەسیج و حەراسەت و ڕێکخراوە ئیسلامییەکان، دەیەوێت زانکۆکان بکاتە بنکەیەک بۆ پڕوپاگاندەی سیاسەتە دیکتاتۆرییەکانی خۆی.