کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زۆرێک لە کادرە پلە بەرزەکانی سپا سیخوڕی بۆ ئیسرائیل دەکەن

15:39 - 15 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: دانی زانیاریی بە ئیسرائیل لە لایەن یەکێک لە بەرپرسانی پلە بەرزی بەسیج لە سووریە، مووشەکبارانی بنکە سەربازییەکانی ڕێژیمی ئێرانی بە دواوە بوو.

یەکێک لە بەرپرسانی ئەمنییەتی لە بنکەی زانیاریی سپا وتوویە: ئەو زانیارییانەی کە لە لایەن جێگری تیپی فاتحین لە سووریە، بە ئیسرائیل دراوە، بووەتە هۆی مووشەکبارانی بنکە و بارەگا سەربازییەکانی سپای پاسداران لەو وڵاتە.

ئەو کەسە کە بۆ شەڕ لە پێناو مانەوەی بەشارئەسەد بۆ سووریە بەڕێ کراوە، پۆستی جۆراوجۆری لە بەشی ئەمنییەتیی هەندێک لە وەزارەتخانەکانی ئێراندا هەبووە، سەرەڕای ئاشکرا بوونی سیخوڕی کردنەکەی بۆ مووساد، دەسبەسەر نەکراوە و ئێستە لە بەشی پاراستنی یەکێک لە وەزارەتخانەکان کار دەکات و ئێران بە تەمایە وەکوو سیخوڕی دوولایەنە بۆ دانی زانیاریی هەڵە بە مووساد بەکاری بێنێت.

ئەو سیخوڕە پێش ڕۆیشتنی بۆ سووریە، بەڕیوەبەریی ئەرتەشێکی سایبری چالاکی لە ناو ئێراندا لە ئەستۆ بووە.

قسە و باسی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل و مووساد، باسێکی گەرمە لە نێوان کادرەکانی خانەنشین کراو یان لە سەرکار بوو لە سپای پاسدارانی ئێراندا.

بەپێی هەواڵدەریی ئامەدنیوز ماوەیەکی لەمەو پێش، زۆرێک لە کادرە باڵاکانی سپای پاسداران لە لایەن دەزگای پاراستنی زانیارییەوە، بە تۆمەتی سیخوڕی کردن بۆ ئیسرائیل، دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.

ڕەزا عەلیجانی، چالاکی سیاسی لە دەرەوەی وڵات، نووسراوەیەکی لەژێر ناوی ئیسرائیل لە بن گوێی ئێران بڵاو کردووەتەوە و بە بەڵگە و دێکۆمێنت باسی لەسەر سیخوڕیی کادرەکانی سپای پاسداران بۆ ئیسرائیلی کردووە، ئەو نووسیویە: پاش ئاشکرا بوون و دەسبەسەر کرانی سیخوڕێکی ئیسرائیلی نزیک بە حەسەن نەسرۆڵڵا، تۆڕێکی گەورە لە ئەندامانی سپای پاسداران لە ئێران ئاشکرا بوون کە بۆ ئەو وڵاتە سیخوڕییان کردووە، کە پاش لێپرسینەوە هەندێکیان ئێعدام کراون، هەروەها نووسیەتی: ئەوانە کەسانێکن کە لە پۆستە زۆر گرینگەکاندا کاریان کردووە و زانیاری زۆریان لە ژێر دەستدا بووە. بۆ نموونە دەتوانین ئاماژە بە بەرپرسی مێزی ئیسرائیل لە زانیاریی سپا و هەروەها بەرپرسی مێزی ئیسرائیل لە وەزارەتی زانیاریی بکەین کە هەردوویان دەسبەسەر و ئێعدام کراون.

پێشتریش مەحموود سادقی نوێنەری پارلەمانی کۆماری ئیسلامی، هەواڵی دەسبەسەر کرانی عەماریوونی دابوو و نووسیبووی: کە بە تۆمەتی سیخوڕی کردن بۆ ئیسرائیل دەسبەسەر کراون.