کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نرخی دولار لە ئێران دیسان بەرز بووەوە

16:31 - 15 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: پاش گەمارۆ ئابوورییەکان لە سەر ئێران دولار بەردەوام لەم وڵاتە، لە حاڵی هەڵکشانە و لە ئێستەدا سنووری چوار هەزار تمەنی تێپەڕاندووە.

بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییە نێوخۆییەکانی ئێران، ڕۆژی سێشەممە ١٤ی سەرماوەزی ١٣٩٦ی هەتاوی، دولار لە ئێراندا نرخەکەی بەرز بووەتەوە و بە بڕی ٤٢٦٠ تمەن لە بازاڕەکانی ئێراندا مامەڵەی پێ دەکرێت.

بەرزە بوونەوەی نرخی دولار لە بازاڕەکانی ئێراندا، پاش ئەوەی کە گوشارە ئابووریی و سیاسییەکانی بۆ سەر ڕێژیم ئیسلامیی ئێران چەند قات کرایەوە و بە بۆنەی درێژەدان بە بەرنامەی ناوکیی و ئامانجی دەستپێڕاگەیشتن بە چەکی ناوکیی ڕۆژ بە ڕۆژ نرخەکەی بەرز دەبێتەوە و ئەم بەرز بوونەوەیە ڕاستەوخۆ لەسەر ژیانی خەڵکی بێدەرەتانی ئێران کاریگەریی نەرێنی هەیە.

هەڵکشانی نرخی دولار کە لەسەر بازاڕی زێڕ و سکەیش کاریگەریی هەیە، بە شێوەیەکی گشتگیر لەسەر هەموو بەشەکانی بازاڕ لە ئێران ئەو شوێنەی کە شوێنی بژیوی ژیانی خەڵکی ئاسایی ئێرانە کاریگەریی دادەنێت.

نرخی دولار کە لە ١٧ ڕەزبەری ئەمساڵ، لە ئێرندا بەرەو هەڵکشانە و سنووری چوار هەزار تمەنیشی تێپەڕاندووە، لە لایەن سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئێران ڕاگەیەندرا: کە ئەم هەڵکشانە کاتییە و وادەی بە خەڵک دا، کە دادەبەزێت، بەڵام بەپێچەوانەی وادەکانی ناوبراو لێ هات.

لەو بارەوە حەسەن ڕۆحانی پێشتر باسی لەوە کردووە: کە نابێت خەڵک نیگەرانی ئەم هەڵکشانەی دولار بن و پێیان وابێت هەڵاوسانێکی بەربڵاو دێتە ئاراوە، چونکە بەرنامە و بناغەی دەوڵەت لەسەر ئەمە دانەنراوە، بەڵام بەرزبوونەوەی ڕۆژ لە دوای ڕۆژی دولار ئەم ئیددعایەی ڕۆحانی بردووەتە ژێر پرسیار و خەڵکی ئێرانی تووشی نیگەرانییەکی زۆر کردووە.