کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بایەخی دراوی ئێران ٦٠٠ قات دابەزیوە

16:27 - 17 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: یەکێک له بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاندووە، لە ماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردوودا بەهای دراوی ئێران ٦٠٠ قات کەمی کردووە.

به پێی هەواڵی هەواڵدرییە نێوخوییەکان، ئەحمەد هێمەتی نوێنەری ڕێژیم لە مەجلیسدا، ڕایگەیاندووە که دراوی ئێران بەهای به یەک شەش سەدوم گەیشتووە و ئەم نرخه نیشاندەری کارەساتە و دیاری دەکات که ئێران به چ ئاراستەیەک دەڕوات.

یەکێک له پێوەرە سەرەکییەکانی هەڵسەنگاندنی هەر وڵاتیک، دراوی ئەو وڵاتەیە و کارناسانی ئابووری ئێران هۆکاری سەرەکی ئەم کارەساتە بۆ زۆربوونی داواکارییەکانی دەوڵەت و پێویستی به دراوی نەخت و دابین کردنی سەرچاوە ماڵییەکان دەگێڕنەوە.

ئەمه لە حاڵیکدایە که بەهای ئەرزی دەرەکی له ئێران زۆر چووەتە سەرەوە و له هەفتەی ڕابروودا دۆلاری ئامریکا نرخی هەتا ٤ هەزار و ٢٦٠ تمەن بەرزبوویەوە.

لەو ڕاستایەدا هێمەتی ڕایگەیاندووە ئەگەر هەر بەو شێوەیە بڕواتە پێش، یەک دۆلاری ئامریکا به سێ میلیون تمەن له ئێران ئاڵوگۆڕ دەکرێت.

لە کاتی هاتنه سەرکاری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە، بەرنامه ئابوورییەکانی ئەم ڕێژیمە و بەڕێوەبەری هەڵەی بەرپرسانی ڕێژیم، سیستمی ئابووری ئێرانی به ئاراستەیەک بردووە که گەیشتووەتە ئاستی کارەسات و خەڵکی ئێران ڕۆژبەڕۆژ گۆشارە ئابوورییەکان لەسەریان زۆرتر دەبێت.