کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆخی ئابووریی خەڵکی ئێران ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ خراپتر دەبێت

14:34 - 18 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: لە کاتێکدا کە تەنیا ١٢%ی خەڵکی ئێران دەتوانن کەڵک لە ئاسانکارییە بانکییەکان وەربگرن، دوالێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا، ئاستی ژیانی هاووڵاتییان ١٥% کەمی کردووە.

جێگری بەشی خۆشبژێوی کۆمەڵایەتی وەزارەتی کاری کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاندووە: بەپێی دوایین لێکۆڵینەوەکان تەنیا ١٢%ی خەڵکی ئێران دەتوانن کەڵک لە ئاسانکارییە بانکییەکان بۆ وەرگرتنی وام وەربگرن و لەم ڕاستایەشدا تاکە دەوڵەمەندەکان ٣ قات زیاتر لە خەڵکی کەم‌داهات دەستیان بە سەرچاوە بانکییەکان ڕادەگات.

بەوتەی ئەحمەد میدری، لەحاڵێکدا کە لە وڵاتانی ڕۆژئاواییدا لەڕێگەی بانکەکانەوە هەوڵ بۆ بنبڕکردنی هەژاری و دیاردە کۆمەڵایەتی – ئابوورییەکانی هاوشێوەی دەدرێت، شێوازی کارکردنی سیستمە بانکییەکانی ئێران بۆخۆیان دەبنە هۆکارێک لەمەڕ پەرەسەندنی زیاتری هەژاری لە کۆمەڵگەدا.

وەک نموونەش باس لەوە دەکات کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لیستەیەک لە گەورەترین قەرزدارەکانی بانکی سەرمایە بڵاو کراوەتەوە کە تێیدا بڕی ٦ هەزار و ٨٠٠ میلیارد تمەن، وەک وام بە ٢٠ کەس دراوە!

ئەم ئامارانە لەکاتێکدا بڵاو دەبنەوە کە هەندێک چالاکی سەربەخۆی بیاڤی ئابووریی لە ئێران ئاشکرایان کردووە بودجەی خانەوارە ئێرانییەکان لە نێوان سالەکانی ١٣٨٦ تاکوو ١٣٩٥ی هەتاوی ڕەوتی بەرەوخواری پێواوە و نیزیک بە ١٥% دابەزیوە.

ماڵپەڕی بی‌بی‌سی لەمبارەوە بڵاوی کردۆتەوە؛ هەر خانەوارێکی ئێرانی لە ساڵی ١٣٨٦دا بەشێوەی نێونجی لە مانگدا ٣میلیۆن و ٨٧٢هەزار تمەن تێچووی هەبووە کە ئەم ڕێژە لە ساڵی ٩٥ بۆ ٢ میلیۆن و ٢٧٥هەزار تمەن دابەزیوە.