کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران بەهۆی یارمەتیدان به حووسییەکان تەحریم دەکرێت

15:17 - 18 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: له کۆنگرێسی ئامریکادا، بەهۆی یارمەتیدانی حووسییەکان لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە گەڵاڵەیەکی نوێ بۆ گەمارۆی زیاتر خراوەتە بەرباس.

ئیلیانا رزلهتینن، بەرپرسی کۆمیتەی ڕۆژهەڵاتی نێوڕاست و باکووری ئافریقا و قازی تێد پو بەرپرسی کۆمیتەی خەبات لەدژی تێرۆریزمی کۆنگرەی ئامریکا، ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١٧ سەرماوزی ١٣٩٦ی هەتاوی، گەڵاڵەیەکیان لەسەر تەحریمی ڕێژیمی ئێران بەهۆی پاڵپشتی له حووسییەکان داوە به کۆنگرەی ئامریکا.

بەرپرسی کۆمیتەی ڕۆژهەڵاتی نێوڕاست و باکووری ئافریقا له ڕاگەیەندراوێکدا باسی لەوە کردووە: هیچ شکیک له پاڵپشتی کردنی ڕێژیمی ئێران بۆ حووسییەکان بوونی نییە و ئاگادارین که سپای پاسداران چەکی پێشکەوتووی ناردووە بۆ میلیشیا حووسییەکان به دژی عەرەبستان.

رزلهتینن له درێژەی باسەکانیدا ئاماژەی به زیادبوونی نەخشی حیزبوڵا له یەمەن کردووە و پێشبینی شەڕێکی هاوتای سووریە لەو وڵاتە کردووە و ئەم بارودۆخەی به دژی بەرژەوەندییەکانی ئامریکا زانیوە.

هەروەها قازی تێد پو بەرپرسی کۆمیتەی خەبات لەدژی تێرۆریزم لە کۆنگرەی ئامریکا ڕایگەیاندووە: بارودۆخی نالەباری یەمەن، ئاکامی دەستێوەردانەکانی ڕیژیمی ئێرانه له ڕۆژهەڵاتی نێوڕاستدا.

قازی تێد پو باسی له پاڵپشتییەکانی سپای پاسداران، له بواری ماڵی و نیزامی و لوجستیکی بۆ میلیشیاکانی حووسی کردووە و سپای پاسدارانی به ئاژاوەگێر له ناوچەکه تومەتبار کردووە؛ جەختیشی کردۆتەوە که دەبێت ڕێژیمی ئێران سزا بدرێت.

ناوبراو وتوویەتی: ئەو گەڵاڵە پێشنیارکراوە پەیامێکی ڕوونە بۆ تاران کە یان دەبێ کۆتایی بە دەستێوەردانەکانی بهێنێت یان دەبێت تێچووی درێژەدان به کردەوەکانی بدات.