کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەلا حەسەن شیوەسەڵی: وەکوو قوربانی تێرۆر بناسرێم

15:25 - 18 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: مەلا حەسەن شیوەسەڵی ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، نامەیەکی بۆ عاسیمە جەهانگیر، ڕێپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران نووسی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ مەلا حەسەن ئیبراهیمی ناسراو بە مەلا حەسەن شێوەسەڵی، ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، دانیشتووی وڵاتی سۆئێد لە نامەیەکدا بۆ عاسیمە جەهانگیر باسی لە دۆخی دەروونی خۆی پاش تێرۆرکرانی لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە کرد.

ناوبراو لەو نامەیەدا نووسیویەتی، لە سەرەتاکانی ژیانمدا لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئاشنا بووم و ماوەی چەند دەیەیە کە ئەندامی ئەو حیزبەم؛ لە ساڵی ٦٦ی هەتاوی لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە کراومەتە ئامانجی تێرۆر و لە ڕێگای دوو کەس لە مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە کتبێکی بومبڕێژکراویان بۆم نارد، کە پاش تەقینەوەی ئەو بۆمبە لەو کتێبەدا هەر دوو دەست و هەردوو چاوم لە دەست دا و سەرەڕای چارەسەری پزیشکی لە بەغدا، پاریس، هوڵەند و سۆئێد نەمتوانیوە ساغی و سڵامەتی خۆم بە دەست بێنم و هەوڵی پزیشکان بۆ چارەسەری من لەو بارەیەوە نەرێنی بووە.

مامۆستا شیوەسەڵی، ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کوردە لە درێژەدا دەڵێت: هەتا ئێستا ئەو تاوانەی کە بەرانبەر بە من کراوە بە فەرمی نەناسراوە و چەند جارێک پەیوەندیم لەگەڵ ئەحمەد شەهید گرتووە، بەڵام سەرکەوتوو نەبووم و نەمتوانیوە چیرۆکی کارەساتباری ژیانی خۆمی بۆ باس بکەم.

لە نامەکەی مەلا حەسەن شێوەسڵیدا هاتووە، من ئاگادار کرامەوە کە ئێوە وەکوو جێگرەوەی ئەحمەد شەهید لە بواری پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران چالاکیی دەکەن، من هێندێک لە وێنەکانی خۆمتان بۆ زانیاری زیاتری ئێوە لە سەر بارودۆخ و هەوڵە نامرۆڤانەکانی ڕێژیمی ئێران لەو پەیوەندییەدا، بۆ دەنێرم.

ئەو چالاکە سیاسیە کوردە ڕایگەیاندووە کە چارەنووسی هەژێنەری من دەتوانێ بەڵگەیەکی ڕوون بۆ ناسینی دەموچاوی تێرۆریزم و مەحکووم کردنی ئەو دیاردە ماڵوێرانکەرە بێت.

مەلا حەسەن شێوەسلی لە کۆتایی نامەکەیدا، داوا لە عاسیمە جەهانگیر دەکات، ناوبراو وەکوو قوربانی تێرۆریزم لە ئێران بناسرێت.

مەلا حەسەن شێوەسەڵی لە ساڵی ١٣٢٦ی هەتاوی لە گوندیشێوەسەڵی سەر بە شاری سەردەشت لە دایکبووە و لە ساڵی ٤٣ی هەتاوی بووەتە ئەندامی حێزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ساڵی ٥٨ی هەتاوی وەکوو ئەندامی ڕێبەری ئەو حیزبە هەڵبژێردراوە؛ لە ١٦ سەرماوەزی ٦٦ی هەتاوی، ڕێژیمی ئێران پاش ئاگادار بوون لە خولیای ناوبراو بۆ خوێندنەوەی کتێبی سپی ددان لە نووسینی جەک لەندەن، ئەو کتێبەی بە بومبڕێژکراوی لە ڕێگای دوو کەس لە دەستوپەیوندییەکانی خۆیەوە بۆ ناوبراو نارد، کە بە هۆی تەقینەوەی ئەو کتێبە هەر دوو چاو و دەستی لە دەستداو و ئاستی بیستنی لە سەدا بۆ ٢٥دابەزی.