کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا بۆ چارەسەریی پرسی کوردستان و دژی ڕێژیمی ئێران کار دەکات

21:30 - 20 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: باڵوێزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بۆ عێراق باسی لەوە کردووە، دوای داعش ئامریکا دژی ئێران دەست بەکار دەبێت.

باڵوێزی ئامریکا لە عێراق لە وتووێژێکدا لەگەڵ کاناڵی هەواڵدەریی ئاسۆشیتێد پرێس گوتوویەتی، دوای شەڕی ٣ ساڵە دژی داعش، ئامریکا بۆ چارەسەریی پرسی کوردستان و دژی ڕێژیمی ئیران کار دەکات.

داگ سلێمان باڵوێز و بەرزترین دیپلۆماتی ئامریکا لە عێراقدا باسی لەوە کردووە: ڕێژیمی ئێران زۆر ئاسان سەربەخۆیی وڵاتانی دراوسێ پێشێل دەکات، ئێران تا ڕادەیەک دژی داعش شەڕی کردووە، بەڵام من ڕاشکاوانە دەڵێم کە ڕێژیمی ئێران هیچ یارمەتییەکی مرۆڤدۆستانەی بۆ سەقامگیری وڵاتانی دراوسێ نەداوە و هاوکاریی بەرنامەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی نەکردووە.

لە لایەکی دیکەشەوە داگ سلێمان گوتوویەتی، واشنتۆن لە هەوڵی ئەوە دایە بەستێنێکی باش بۆ گفتگۆ لە نێوان هەولێر و بەغدا پێک بێنێت.

ناوابرو باسی لەوە کردووە ئامریکا پشتیوانی لە عێراقێکی فێدڕاڵ دەکات.
بەڵام هاوکات پشتیوانی لە دەوڵەتی کوردەکان کە خواستی هەموو کوردەکانه دەکات.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە دوای ئاڵۆزییەکانی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ـەوە، بە شێوەیەکی بەرین دەستی لە کاروباری ئەو وڵاتە وەردا و دواتر بە پێکهێنانی حەشدی شەعبی وەک گرووپێکی توندڕەو و پشتیوانی لە گرووپە توندڕەوکانی دیکە شەڕ و ئاژاوەی لە عێراق هەڵایساند و تا ئێستاش درێژەی پێدەدات.

دەوڵەتی ترامپ بۆ بەرەنگاربوونەوە دژی ڕێژیمی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا و بە هۆی دەستێوەردانەکانی ئەو ڕێژیمە لە سەقامگیری ناوچەکە، گەمارۆی ئابووری دژی ئەو ڕێژیمە پەسند کرد.

لە دوای ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان نێوان هەولێر و بەغدا زۆر ئاڵۆز و شێوا و ئێستا دوای نزیک بە ٣ مانگ کێشەکان چارەسەر نەکراون.