کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەک میلیۆن و ٥٠٠ هەزار ئێرانی، وڵات به جێ دەهێڵن

15:29 - 21 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: یەک میلیۆن و ٥٠٠ هەزار کەس له ئێران، که زۆربەیان خوێندکار و بلیمەتن، وڵاتەکەیان به‌جێ دەهێڵن.

به وتەی بەرپرسی ژووری بازەرگانیی تاران، یەک میلیۆن و ٥٠٠ هەزار خوێندکار و بلیمەت، به هۆی گەندەڵی و کێشە کۆمەڵایەتییەکان، له ئێران کۆچ دەکەن.

مەسعوود خانساری، بەرپرسی ژووری بازەرگانیی ڕێژیم له تاران، له کۆبوونەوەیەک لەژێر ناوی بەربەرەکانیی لەگەڵ گەندەڵی، باسی لەوە کردووە: که بارودۆخی ئەمڕۆی کۆمەڵگای ئێران و گەندەڵییەکان و کۆمەڵێک کێشە وەکوو بێکاری، هۆکاری سەرەکیی کۆچی بلیمەتەکان لە ئێرانن.

له ڕوانگەی خانسارییەوە، تەڵاق، مادەی هۆشبەر و قەتڵ، له کێشە سەرەکییەکانی کۆمەڵگای ئێرانن و ئەم کێشانه وای کردووە، که یەک میلیۆن و ٥٠٠ هەزار کەس چاوەڕوانی دەرچوون له ئێرانن.

ڕێژیمی ئێران ئامارێکی ڕوون له کۆچ بۆ دەرەوەی وڵات بڵاو ناکاتەوە، بەڵام بەپێی ئاماری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەندووقی نێونەتەوەیی دراو، له ساڵدا ١٥٠ هەزار تا ١٨٠ هەزار کەس له ئێراندا، که ٨٠ لەسەدیان خوێندکار و پسپۆڕن، کۆچ دەکەن.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، که داهاتووی خەڵک و چینی خوێندکاری بۆ گرنگ نییە، به هیچ شێوەیەک هەوڵ نادات بارودۆخێک دروست بکات که له توانایی بلیمەتەکان کەڵک وەربگرێت و بۆ گەشە کردنی وڵات لەسەریان سەرمایە‌گوزاری بکات، بەڵکوو به پێچەوانە سیستمێکی داڕشتووە که پسپۆڕەکان له ئێران کۆچ بکەن.

بەپێی ئامارە جیهانییەکان، ئێران له ڕێژەی ١١ وڵاتێکه کە زۆرترین کۆچبەری بلیمەتی هەیە که له ئێران به هەڵهاتنی مێشکەکان فراری مغزها ناودێر کراوە و له ١٠ ساڵی ڕابردوودا پلەی شەشەمی له کۆچبەریی بۆ دەروەی وڵاتی هەبووە.