کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم بەتەمای گێرەشێوێنی زیاتر لە فلستینە

15:13 - 26 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە چوارچێوەی سیاسەتە شەڕخوازانە و تێکدەرانەکانی ویلایەتی فەقیهدا، سەرقاڵی کۆکردنەوە و ناردنی خۆکوژ و کەسانی تووندئاژۆ بۆ فلستینە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ وەزارتی ئیتلاعاتی ڕێژیم، سەرقاڵی کۆکردنەوەی کەسانی سەر بە ڕەوتە ئیسلامییەکان لە کوردستانە، تاکوو له ژێر ناوی جیهاد له دژی کافر (کە مەبەستییان ئیسرائیلە) و ناردنی ئەو کەسانه بۆ فلستین، بارودۆخی ئەو وڵاتە هێندەی دیکە تێک بدەن.

بەپێی ئەم هەواڵە، وەزارەتی ئیتلاعات توانیویەتی تا ئێستا نزیکەی ۵۰۰ لاوی فریوخواردوو کۆ بکاتەوە کە زۆربەیان سەر بە ڕەوتە سەلەفییەکانن.

بەپێی دوایین زانیارییەکان، ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقز، بەم کەسانەی وتووە: ئەگەر باوەڕتان به جیهاد هەیه ئیمه دەتاننێرینه قودس بۆ شەڕ؛ هەروەها داوایان لێ کردوون که لیستێک لەو کەسانه بدەن بە ئیتلاعات کە باوەڕیان به جیهاد هەیه، تاکوو بۆ مەبەستی تایبەتی خۆیان کەڵکیان لێوەربگرن.

بەڕای کارناسان و چاودێرانی سیاسی ئەم چەشنە کارانەی ڕێژیم و دەزگا ئیتلاعاتییەکانی، بەتایبەت لە شارەکانی کوردستاندا، هێمایەکە بۆ شکستی سیاسەتی بە ویلایەتی کردنی کوردستان و چەشنێک لە تۆڵەکردنەوەیە لە خەڵکی کورد.

لە ساڵانی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامی لە شارەکانی کوردستاندا، هەوڵی داوە لاوانی کەم ئەزموون و ساویلکە لەژێر ناوی جۆربەجۆری دینی و ئیسلامی فریو بدات تاکوو بۆ ئامانجی تایبەتی خۆی کەڵکیان لێ وەربگرێ و لەم راستایەشدا زۆر جار بینراوە کە نەتەنیا ڕێگری لە پەرەسەندنی فکری جیهادی و سەلەفی لە کوردستان نەکراوە، بەڵکوو ئۆرگانە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیمیش بۆخۆیان پاڵپشت و هاندەریان بوون.