کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەڕ بە دژی حووسییەکانی یەمەن بەردەوامە

15:20 - 26 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: سپای یەمەن و هاوپەیمانیەتی عەرەبی بە سەرکردایەتی عەرەبستان، لە هێرش بۆ سەر بنکە و بارەگای حووسییەکانی سەر بە ئێران بەردەوامن.

سپای یەمەن، ڕۆژی شەممە ٢٥ی سەرماوەزی ١٣٩٦ی هەتاوی، ڕایگەیاندووە: لە شەڕەکانی بەشی ڕۆژئاوای یەمەن، کە لە نێوان سپای ئەو وڵاتە و حووسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران رووی داوە، ٧٠ چەکداری حووسی کوژران.

هەواڵدەریی ئەلعەرەبیە پشتڕاستی کردووەتەوە، کە ڕۆژی پێنجشەممە و هەینی تەرمی ٧٠ چەکداری حووسی بۆ نەخۆشخانەی حەججە بەڕێ کراون.

هاوکات لەگەڵ بەرەوپێشچوونی سپای یەمەن لە ناوچەکانی بەشی ڕۆژئاوای ئەم وڵاتە، فڕۆکە شەڕکەرەکانی هاوپەیمانیەتی عەرەبی، بە سەرکردایەتی عەرەبستان، لە ئاسمانەوە هێرش دەکەنە سەر بنکەی چەکدارانی حووسی.

ڕۆژی هەینی ٢٤ی سەرماوەز، لە هێرشێکی ئاسمانیدا، فڕۆکە شەڕکەرەکانی هاوپەیمانیەتی عەرەبی بۆ سەر حووسییەکان، کارگەیەکی مووشەکییان لەنێو بردووە کە لەو کارگەیەدا پارچەی ئەو مووشەکانەی لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بۆ حووسییەکان نێردراون دۆزراوەتەوە.

هەروەها لە ناوچەی بەیزا، فڕۆکە شەڕکەرەکان کاروانێکی گواستنەوەی چەکوچۆڵ و کەرەستەی نیزامیی حووسییەکانیان لە بیحان و لە پارێزگای شەبووە کردوەتە ئامانج کە دەیان کەسیان لێ کوژراوە.

سپای یەمەن، ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاندبوو، زیاتر لە ٢٥٠ پسپۆڕی سەربازیی ئێرانییان لە ناوچەی سەعدە و حەدیدە ناسیوە و بۆ لەنێوبردنیان پلانیان هەیە.

وەزیری ڕاوێژکاری ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، ئەنوەر قەرەقاش، ڕۆژی شەممە ٢٥ی سەرماوەز ڕایگەیاند: حووسییەکان تەنیا بە مەبەستی بەتاڵان بردنی داهاتی حکوومەتی یەمەن دەست لە سەنعا بەر نادەن، داهاتێک کە ساڵانە نێوان ٣.٥ تا ٥ میلیارد دۆلار مەزەندە دەکرێت، ئەوان ئەم پارەیە تەنیا بۆ لایەنگرانی خۆیان و کارە تێرۆریستیەکانیان بەکار دەبەن.