کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە: بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران رووی لە كەمی كردووە

12:53 - 22 رەزبەر 2712

كوردستان میدیا: ئاژانسی وزە لە راپۆرتێكدا بڵاوی كردۆتەوە، بەرهەمهێنانی نەوتی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بەبەردەوامی رووی لە كەمی كردووە بە چەشنێك كە لە مانگی خەرماناندا بەنیسبەت پێشوو رۆژانە ٢٢٠ هەزار بوشكە كەمی كردووە.

لەو راپۆرتەدا هاتووە لە حاڵی حازردا بەرهەمهێنانی نەوت لە ئێراندا گەیشتۆتە ٢ میلیون و ٦٣٠ هەزار بوشكە لە رۆژدا.

نەوتی رێژیمی تاران ساڵی ١٩٨٨ لەكاتی شەڕی ئێران و عێراقدا گەیشتبووە كەمترین ئاستی بەرمهێنانی خۆی، واتە رۆژانە ٢ میلیون و ٢٤٠ هەزار بوشكە نەوت بەرهەم دەهێنرا.

بەرهەمهێنانی نەوتی خاوی ئێران لە دوومانگی رابردوودا گەیشتبووە ٢ میلیۆن و ٨١٧ هەزار بوشكە و بە نیسبەت سێ‌مانگی یەكەمی ساڵی میلادی ٥٦٦ هەزار بوشكە لە رۆژدا كەمی كردبوو.

هەر لەو پێوەندیییەدا نێونجی بەرهەمهێنانی نەوت لە ئێران لە ساڵی ٢٠١٠وە هەتا ئێستا ٨٩٠ هەزار بوشكە لە رۆژدا كەمی كردووە.

بەپێی راپۆرتی شەبەكەی خەبەریی سی ئێن سی بی داهاتە نەوتییەكانی ئێران لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٢وە هەتا ئێستا ٧٠% كەمی كردووە و ئەگەری ئەوە هەیە بە بەراوردی ساڵی پێشوو گەیشتبێتە كەمتر لە یەك لەسەر سێ.