کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێکهەڵچوونی خەڵکی گوندی بەهارلووی قوروە لەگەڵ هێزە ئینتزامییەکانی ڕێژیم

14:20 - 30 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: خەڵکی گوندی بەهارلوو سەر بە شاری قوروە، لە هەمبەر تاڵان کردنی کانگەی زێڕی ساری گونی ناڕەزایەتییان دەربڕی و لەگەڵ هێزەکانی ڕێژیم تێکهەڵچوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەری کوردستان میدیا؛ خەڵکی گوندی بەهارلوو لە شاری قوروە سەر به پارێزگای سنە، ڕۆژی چووارشەممە ڕێکەوتی ٢٩ سەرماوەزی ١٣٩٦ هەتاوی، لە هەمبەر تاڵان کردنی کانگەی زێڕی ساری گونی لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە ناڕەزایەتییان دەربڕی و، لەگەڵ هێزەکانی ڕێژیم تێکهەڵچوون.

خەڵکی گوندی بەهارلوو، دوو ڕۆژە ئەو کانگەی زێڕەیان داخستووە و پێشیان به هەڵینجاندنی گرتووە؛ کانگەی زێڕی ساری گونی ١٨ تون پاشەکەوتی زێڕی هەیە و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هەڵێنجاندنی ئەو کانزایەی داوە به کۆمپانیایەکی قەزاقستانی تاکوو له ماوەی حەوت ساڵدا کاری لەسەر بکات.

بەپێی دوایین زانیارییەکان پارێزگای سنە به گشتی ٣٦ تۆن پاشەکەوتی زێڕی هەیە، که دەکاتە ١٠ لە سەدی زێڕی ئێران، کە کانزاکان له دوو شاری قوروە و سەقزدان.

ئەمە له حاڵێکدایە که ئەو سەرچاوەی زێڕانە لەو ناوچانه، لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە تاڵان دەکرێن و تەنانەت خەڵکی ئەو ناوچانەش له کارکردن لەسەر ئەو کانزایانه بێبەشن و لەوپەڕی هەژاریدا دەژین.

دەسبەسەرداگرتن و بەتاڵان بردنی سەرچاوە ژێرزەوینی و بان زەوییەکانی کوردستان، سیاسەتی هەمیشەیی ڕێژیمە داگیرکەرەکان بووە کە تا ئێستاش لە کوردستانی رۆژهەڵات بەردەوامە.