کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باری نەتەوەیی مەرجی دامەزران له کارخانەی \"نیشکری هفت تپە\"

20:35 - 30 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: کارخانەی نەیشەکەری هەفت تەپە، بۆ وەرگرتنی هێزی کار له فۆرمی وەرگرتندا مەرجی ڕاگەیاندنی نەتەوەی داناوە.

به پێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی شەرق بڵاو کراوەی ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٨ی سەرماوەزی ١٣٩٦ هەتاوی، کارخانەی نەیشکەری هەفت تەپە، لە فۆرمی وەرگرتنی هێزی کار لەو کارخانەیە، خاڵێکی زیاد کردووە که ئەو کەسانەی خوازیاری کارن، دەبێت باری نەتەوەیی باوکیان بنووسن و ئەمەش بووەتە مەرجێک بۆ وەرگرتن.

هەر لەو پێناوەدا بەهمەن کشاوەرز، مافناس و بەرپرسی سەندیکای گشتی ناوەندیی پارێزەرانی دادگوستەری ئێران، لە وتووێژیکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی شەرق، باسی لەوە کردووە که پرسیار کردن لەبارەی قەومییەتی تاکەکان، هەڵاواردنی نژادییە و پرسیار کردن له بارەی قەومییەت و زمان له کاتی وەرگرتن، دژی ئەسڵەکانی ١٩ و ٢٠ی یاسای بنەڕەتییە، هەموو ئێرانییەکان دەبێت جیا له قەومییەت و زمان، مافی بەرامبەریان هەبێت.

ئەمە له حاڵێکدایە که ڕێژیمی ئێران لە یاسای بنەڕەتی خۆی نەتەوەکانی ئێران به قەوم پێناسە دەکات و جیا لەوەش، لەوپەڕی هەڵاواردن بۆ وەرگرتنی تاکەکان و سپاردنی ئەرکی ئیداری و بەڕێوەبەری دەوڵەت و حکومەت، کەمترین ماف به نەتەوەکانی دیکه جیا لە فارس دەدات.