کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاری ترامپی سەبارەت بە ئورشەلیم هەڵوەشاندەوە

16:17 - 1 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: سەرەڕای ناڕەزایەتی ئامریکا و ئیسرائیل، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەنگی نای بە گەڵاڵەی پێتەخت بوونی ئۆرشەلیم دا.

لە دەنگدانی ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٣٠ی سەرماوەزی ١٣٩٦ی هەتاوی، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بڕیاری خۆی سەبارەت بە پێتەخت کرانی ئۆرشەلیم ڕاگەیاند و دەنگی نای بە داواکاری ئامریکا بۆ بە فەرمی ناسینی ئورشەلیم وەکوو پێتەختی ئیسرائیل، داوە.

لەو دەنگدانەدا، ئەم بڕیارنامەیە بە ١٢٨ دەنگی بەڵی، ٩ دەنگی نا و ٣٥ دەنگی بێلایەن پەسەند کراوە.

باڵوێزی ئامریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پێش دەنگدانەکە وتبووی: جێگەی شەرمەزارییە کە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بووەتە جێگەیەک بۆ دژایەتی کردنی ئیسرائیل، هەروەها نیکی هێلی وتوویەتی: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا یەکێک لە سەرەکیترین یاریدەدەرانی ماڵی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئاژانسەکانی سەر بەو رێکخراوەیە، کاتێک کە ئێمە بە دڵفراوانی یارمەتییەکانمان بەم ڕێکخراوەیە دەدەین، لە بەرانبەردا ئەو چاوەڕوانییەمان هەیە تا ڕێز لە نیازپاکی ئێمە بگیردرێت.

لەو دانیشتنەدا، هیچ گەرەنتیەک بۆ بە کردەیی کردنی ئەم بڕیارنامەیە نەهاتووەتە بەرباس و باڵوێزی ئیسرائیل لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی کردووەتەوە، کە پەسەند کردنی هەر جۆرە گەڵاڵەیەک، ناتوانێ ئیسرائیل لە ئورشەلیم بکاتە دەرەوە.

ڕۆژی چوارشەممە، باڵوێزی ئامریکا لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان، ئاماژەی بە یارمەتییە میلیۆنییەکانی ئامریکا کردبوو کە بە وڵاتانی دیکە دەدات و وتبووی: ئەو دەنگانە کە لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان دژ بە ئێمە دەدرێن، لە بیریان ناکەین.