کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداری هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات لە رێورەسمی ساڵیادی شەهیدانی شەوی یەڵدا

16:33 - 1 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرەستی دارا ناتق ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی بەشدارییان لە رێورەسمی ساڵیادی شەهیدانی شەوی یەڵدا کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە مالپەڕی کوردستان میدیا؛ رێورەسمەکە کاتژمێر ١٠ی سەر لە بەیانی رۆژی پێنجشەممە ٣٠ی سەرماوەزی ١٣٩٦ی هەتاوی بەڕێوە چوو، کە تێیدا رێز لە یاد وبیرەوەری شەهیدانی رۆژهەڵاتی کوردستان و تێکۆشەرانی ئاسایشی کۆیە گیرا.

لەو رێورەسمەدا بەڕێز دارا ناتق پەیامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی پێشکەش بە ئامادە بووان کرد؛ دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

بەڕێز/ هەیئەتی بەڕێوەبەری رێورەسمی ساڵیادی شەهیدانی شەوی یەڵدا

وێڕای سڵاو


بە ناوی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە ئەو کردەوە تیرۆریستییە کە ساڵی رابردوو لە کاتی بەڕێوەچوونی رێورەسمی شەوی یەڵدا، کە رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران پیلانی بۆ داڕشتبوو و لە لایەن تێرۆریستەکانییەوە، بنکەی پێشمەرگەکانی کردە ئامانج و بوو بە هۆی شەهیدبوونی پۆلێک لە رۆڵەکانی کورد، جارێکی دیکە بە توندی مەحکوومی دەکەین و داوا لە دەزگاکانی ئاسایش و قەزایی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش دەکەین، ئاکامی لێکۆڵینەوەکەیان بە ڕای گشتی رابگەیەنن و تاوانبارانی ئەو کردەوە تیرۆریستییە بناسێنن و بە سزایان بگەیەنن.

بێدەنگبوون لە بەرانبەر پیلانگێڕانی ئەم تاوانە دژی مرۆییە و دەیان کردەوەی تێرۆریستی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراق و هەرێمی کوردستان و سەرتاسەری جیهان، ئەم رێژیمەی هارتر کردووە و هەر ئەو بێ هەڵوێستییەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە بوو، کە ئێستا سیاسەتی دەستێوەردانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی ئیسلامی بووەتە هۆی بشێوی و ناسەقامگیری و ئاوارەبوونی میلیۆنان کەس لە هاووڵاتیانی وڵاتانی ناوچە؛ نموونەی بەرچاوی ئەم پیلانگێڕییەی رێژیم پشتیوانی لە حوسییەکانی یەمەن و حیزبووڵای لوبنان و میلیشیاکانی سووریە و عێراق، بە ناوی جۆراوجۆر، هەروەها پشتیوانی کردن و چەکدارکردن و راهێنانی گرووپە تێرۆریستییەکانی دیکە و داڵدەدانیان لە ئێران بووەتە سیاسەتی نەگۆڕی رێژیم.

ئەم سیاسەتەی رێژیم ئێستا تەنیا لە چوارچێوەی سنوورەکانی وڵات و نێوخۆی ئێراندا نییە کە بە درێژایی مێژووی دەسەڵاتداریەتی پڕ لە تاوان، جینایەت و سەرکووتی رۆڵە ئازادیخواز و مافویست و نیشتمانپەروەرەکانی گەلانی ئێران و گەلی خەباتگێری کورد باس بکرێ، بەڵکوو ئەم رێژیمە بۆ ئاسایش و ئۆقرەیی وڵاتانی ناوچە و بەرەی پێشکەوتوو و پرۆسەی دێموکراسیخوازی بووەتە، مەترسییەکی گەورە.

بەشداران هێژا !

رەوتی ئاڵوگۆڕە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەردەوام بوونی هاوپەیمانی دژی تێرۆریزم ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر مەترسییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران هەست پێ دەکا و گەلی کورد و حیزب و لایەنە سیاسیەکانیش لە شەڕ دژی تێرۆریزم، گەلێک قوربانی پێشکەش بە ئازادی و سەربەستی کردووە و هێزی پێشمەرگەش رۆڵی مێژوویی خۆی لەم پڕۆسەیەدا گێڕاوە.

بۆیە لەم کۆڕەدا، ئەرکی سەرشانی هەموومانە لەم پرۆسەیەدا تا سەرکەوتنی گەلەکەمان بەسەر تێرۆریزم و دنەدەرانیان بەردەوام بین و بە خەباتی بەردەواممان و یەکیەتیی و یەکریزیمان رۆحی نەمری شەهیدەکانمان ئاسوودە بکەین.

لە کۆتاییدا سڵاو دەنێرین بۆ گیانی پاکی شەهیدانی شەوی یەڵدای ٢٠١٦ی زایینی و هەموو شەهیدانی کورد و کوردستان.

بە سپاسەوە

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
سکرتاریا
٣٠ی سەرماوەزی ١٣٩٦ی هەتاوی