کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەربەخۆییخوازانی کاتالۆنیا، دیسان هێزی خۆیان نیشان دا

14:34 - 2 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: حیزبە سەربەخۆییخوازەکانی کاتالۆنیا، دەنگی زۆرینەیان لە هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتەدا بە دەست هێنا.

لە هەڵبژاردنەکانی پارلەمانی کاتالۆنیا، کە ڕۆژی پێنجشەممە ٣٠ی سەرماوەزی ١٣٩٦ی هەتاوی، بەڕێوە چوو، حیزبە سەربەخۆییخوازەکانی کاتالۆنیا توانیان دەنگی زۆرینە بە دەست بێنن.

پاش ژماردنی زیاتر لە ٩٠ لەسەدی دەنگەکان، ئاشکرا بوو کە حیزبە سەربەخۆییخوازەکانی کاتالۆنیا، توانیویانە زۆرینەی دەنگەکان بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن، بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، ئەم حیزبانە توانیویانە لە نێوان ١٣٥ کورسی پارلەمانی کاتالۆنیا، ٧٠ کورسی ئەو پارلەمانە بە دەست بێنن.

لەم هەڵبژاردنەدا، حیزبەکەی کارلۆس پوجێدمۆن، سەرۆکی لە دەسەڵات لادراوی دەوڵەتی هەریمی کاتالۆنیا، توانیویەتی سەرلەنوێ ببێتە گەورەترین حیزبی سەربەخۆییخوازی پارلەمان.

بەپێی یاسا هەر حیزبێک کە زۆرینەی دەنگەکان بە دەست بێنێت، دەتوانێ دەوڵەت دروست بکات، کارلۆس پوجێدمۆن، پاش ڕاگەیاندنی سەرکەوتنی حیزبەکەی، لەسەر سەربەخۆیی کاتالۆنیا، خوازیاری دەستپێکردنەوەی وتووێژەکان لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی بووە.

لە سەرەتای پاییزی ئەمساڵدا لە ڕێفراندۆم بۆ سەربەخۆیی، خەڵکی کاتالۆنیا دەنگیان بە جیا بوونەوە لە ئێسپانیا دا، بەڵام دەوڵەتی ئێسپانیا ئەو ڕێفراندۆمەیان ڕەت کردەوە و بە هێرش کردن بۆ سەر سەربەخۆییخوازان و هێزی سەربازیی، سەرۆکی دەوڵەتی هەرێمی کاتالۆنیای دەسەڵاتی لێ سەندرایەوە و ناوبراو ئێستە لە وڵاتی بلژیک دەژیت.