کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژەی تووشبووان بە وەبا لە یەمەن بە یەک میلیۆن کەس گەیشتووە

15:09 - 2 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: کۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور ڕایگەیاندووە، ڕێژەی تووشبووان بە نەخۆشی وەبا لە وڵاتی یەمەن بە یەک میلیۆن کەس گەیشتووە.

بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی فەڕانسە، کۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور ڕۆژی پێنجەشەممە ٣٠ی سەرماوەز، سەرەڕای هوشداریی سەبارەت بە گشتگیربوونی نەخۆشی وەبا لە یەمەن ڕایگەیاندووە، بە هۆی شەڕی نێوخۆیی لە یەمەن ٨٠ لەسەدی خەڵکی ئەم وڵاتە لەگەڵ کەمیی خوراک، سووتەمەنی، ئاوی خواردنەوەی خاوێن و خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان بەرەوڕوون.

هەر لەم پێوەندییەدا ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە، کە وڵاتی یەمەن لە خراپترین قەیرانی مرۆییدا نوقم بووە و نزیک بە هەشت میلیۆن کەس لەم وڵاتە لەگەڵ قاتوقڕی بەرەوڕوون.

هەواڵدەریی ڕۆیترزیش ڕایگەیاندووە، نەخۆشی وەبا لە مانگی ئاڤریلەوە بە خێرایی پەرەی سەندووە و بە هۆیەوە ٢٢٢٧ کەس گیانیان لە دەست داوە.

مارک پونسن جێبەجێکاری کاروباری پزیشکانی بێ‌سنوور لە یەمەن، بە هەواڵدەریی فەڕانسەی ڕاگەیاندووە، کە ئەگەرچی خەسارەکانی وەبا کەمتر بووە، بەڵام بە هۆی ئەوەی کە باکتێریی ئەم نەخۆشییە درەنگ لەنێو دەچێت، لە مانگە سارد و بارانییەکانی داهاتوودا ئەگەری بەرەو زیاد بوون و پەرەسەندنی زۆرە.

وڵاتی یەمەن کە لە نێو وڵاتە عەرەبییەکاندا یەکێک لە وڵاتە هەژارەکانە، لە نێوان شەڕێکی تاقەتپڕووکێنی دەوڵەتی یەمەن و حووسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بەرەو فەوتان و وێرانی دەڕوات.

ئاگری ئەم شەڕە لە لایەن حووسییەکانەوە بە دنەدان و دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتر دەگەشێتەوە و بەردەوام بە هاویشتنی مووشەکە ئێرانییەکان لە لایەن حووسییەکانەوە شەڕ و ئاڵۆزییەکان قووڵتر دەبێتەوە، کە ئاکامەکەی کوشتن، برسییەتی، نەخۆشی و ئاوارەیی خەڵکی سڤیل و بێدەرەتانی ئەو وڵاتەیە.