کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عەرەبستان: ئێران پەرە بە تێرۆریزم دەدات

21:41 - 3 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: نوێنەری هەمیشەیی عەرەبستان لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە پرێس کۆنفڕانسێکدا باسی لەوە کردووە، ڕێژیمی ئێران پەرە بە تێرۆریزم دەدات.

ماڵپەڕی النشره عەرەبی بڵاوی کردووەتەوە، کە عەبدوڵڵا موعەلمی نوێنەری هەمیشەیی عەرەبستان لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە پرێس کۆنفڕانسێکدا باسی لەوە کردووە: عەرەبستان بە هەموو هێزەوە دژی دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکەدا دەوەستێتەوە.

موعەلمی باسی لەوەش کردووە: کە ڕێژیمی ئێران هێرش دەکاتە سەر وڵاتانی عەرەبی و ئێمەش بە توندی بەرەنگاری ئەو ڕێژیمە دەبینەوە.

ناوبراو هەروەها باسی لەوە کردووە، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بە ئاشکرایی پشتیوانی لە گرووپە تێرۆریستییەکان دەکەن و ئێمەش دەبێ بەرەنگاری ئەو ڕێژیمە ببینەوە، چونکە دەستێوەردانەکانی ئەو ڕێژیمە لە وڵاتانی سووریە، لوبنان و یەمەندا پەرەپێدانی ڕاستەوخۆی تێرۆریزمە.

هاوکات موعەلمی وتوویەتی: ڕێژیمی ئێران پشتیوانیی ماڵی لە گرووپە توندڕەوەکان دەکات و حیزبوڵڵای لوبنان لە لایەن تارانەوە پشتیوانی لێ دەکرێت و لەو ڕێگایەوە ئێران شەڕی تایفەیی لە ناوچەکەدا دروست دەکات.

لە بەشێکی دیکەی ئەو کۆنفڕانسەدا، نوێنەری هەمیشەیی عەرەبستان لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، باسی لەوە کردووە، کە ئێمە لە ئاستی دیپلۆماسیدا دژی ئەو کردەوانەی ڕێژیمی ئێران هەنگاو دەنین و لەگەڵ وڵاتانی دیکەی دژبەری ئێران هاوکاری دەکەین.

دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتانی ناوچەکەدا بەردەوام نیگەرانی ئەو وڵاتانەی لێ کەوتووەتەوە و لە ڕاستای ئەو کێشەیە هوشداریان بە ڕێژیمی ئێران داوە.