کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جیهان پشتیوانی لە خۆپیشاندەرانی دژی ڕێژیم دەکات

15:46 - 9 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: دوای خۆپیشاندانی سەرانسەری خەڵکی ئێران لە هەمبەر گرانی پێداویستییەکان و گوێ نەدانی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بە کێشەکانی خەڵک، لە زۆربەی شارەکانی کوردستان و ئێران خەڵک دژی ئەو ڕێژیمە خۆپیشاندانیان ڕێک خستووە.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان لە نێوخۆی ئێران، دوای خۆپیشاندانە بەردەوامەکانی خەڵکی ئێران دژی ڕێژیم لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا، ڕێژیم سەرەڕای سەرکوتی خۆپێشاندەران و هۆشداری بە خەڵک، وڵاتانی جیهان پشتیوانیان لە خەڵکی ئێران کردووە.

لەو پێوەندییەدا ھیزەر ناوێرت، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا، لە بەیاننامەیەكدا داوای لە وڵاتانی جیھان كرد، كە بە ئاشكرا پشتیوانی لە خواستی سەرەتایی خەڵكی ئێران بكەن و ڕایگەیاند: ڕێبەرانی ئێران ئەو وڵاتەیان لاواز كردووە، تاكە ھەناردەی ئێرانیش شەڕ و ناسەقامگیرییە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا پشتیوانیی تەواوی وڵاتەكەی لە خۆپێشاندەران بە دژی ڕێژیمی ئێران ڕاگەیاند و وتی: تەنیا خەڵكی ئێران لە سیاسەتەكانی دەسەڵاتدارانیان زەرەرمەند دەبن.

هەروەها سەرکۆماری ئامریکا دانڵد ترامپ، لە پەیامێکی تویتێریدا بڵاوی کردەوە، کە پشتیوانی لە خەڵکی ئێران دەکات و نووسیویە: داهات و سامانی خەڵک تەنیا بۆ دابین کردنی ماڵیی تێرۆریزم خەرج دەکرێت.

پۆل ڕایان سەرۆکی مەجلیسی نوێنەرانی ئامریکا وێڕای پشتیوانیی لە خەڵکی ئێران، وتوویەتی: ئەمە ئاکامی ڕێژیمێکە کە لە جیاتی پێڕاگەیشتن بە کێشە و گرفتی خەڵک، ڕێکخراوە تێرۆریستییەکان زیاتر بەهێز دەکات.

سێناتۆری کۆماریخواز تێد کروز لە بەیانییەیەکدا پشتیوانی لە خەڵکی ئێران کرد و باسی لەوە کردووە: ئەوەی کە خەڵکی ئێران بوێرانە دژی ڕێژیمێکی زاڵم و سەرکوتکەر دەڕژێنە سەر شەقامەکان، من بە هەموو هێزەوە پشتیوانی لەو خەڵکە دەکەم. چونکە ئەم ڕێژیمە تێرۆریستە.

براد شێرمەن نوێنەری کۆنگرەی ئامریکا، یەکێکی دیکە لەو بەرپرسانەی ئامریکایە، کە وێڕای پشتیوانیی لە خەڵکی ئێران، دەستێوەردانەکانی ئەو ڕێژیمەی لە سووریە و یەمەن مەحکووم کردووە.

لە دوای ئەو خۆپێشاندانانە زۆربەی میدیا بەناوبانگەکانی جیهان، ڕووماڵی ئەو ڕووداوەیان کرد.

چەند ڕۆژێكە خۆپێشاندان لە هێندێ لە شارەکانی ئێران و كوردستانی ڕۆژھەڵات، بە دژی ڕێژیمی ئێران دەستی پێ كردووە.

لە ھێندێک شاردا دروشمی مردن بۆ ڕۆحانی و ڕێبه‌ری ڕێژیم لە لایەن خۆپێشاندەران بەرز كرایەوە و خۆپیشانده‌ران عه‌لی خامنه‌ییان به‌ دیكتاتۆر ناو بردووە و هه‌روه‌ها ده‌ستێوه‌ردانه‌كانی ئێرانیان له‌ وڵاتانی عه‌ره‌بی شه‌رمه‌زار كردووە.

سه‌ره‌تای خۆپیشاندانه‌كانی خەڵک ڕۆژی پێنجشەممە ٧ی بەفرانبار،‌ دژی بێكاری و هه‌ژاری و گرانی نرخه‌كان، له‌ شاری مه‌شهه‌ده‌وه‌ ده‌ستی پێ كرد، كه‌ لە دوای تاران دووهە‌م گه‌وره‌شاری ئه‌و وڵاته‌یه‌. دواتر ئەم ناڕەزایەتییانە ته‌شه‌نه‌ی كرد و هه‌ر یه‌ک له‌ شاره‌كانی تاران، ڕەشت، ساری، قوم، ته‌ورێز، ورمێ‌، هه‌مه‌دان، خوڕەماوا، خوراسان و قوچانی گرته‌وه‌.

دوای بەرفراوان بوونی خۆپیشاندانه‌كان، خه‌ڵكی كرماشان و خوره‌مئاواش بە ‌دژی ده‌سه‌ڵاتدارانی ڕێژیمی ئێران هاتنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان و دروشمی یان مردن یان ئازادی و مردن بۆ دیكتاتۆریان به‌رز کردەوە، کە لە لایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە هێرش کرایە سەریان.

لە ماوەی یەک حەتووی ڕابردوودا، شەپۆلێک لە گرانیی سەرسووڕهێنەر، سەرانسەری ئێرانی گرتووەتەوە و بە هۆی بێکاری و هەژاری ئەم دۆخە هێندەی دیكە بژیوی ژیانی هاووڵاتییانی ئاڵۆزتر كردووە.