کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گراهام یورگس: ترامپ ناتوانێ تەنیا چاولێکەر بێت

00:31 - 12 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: سێناتۆرێکی کۆماریخواز ڕوو لە دانڵد ترامپ وتوویەتی چیدیکە چاولێکەر مەبە و پلانێکی تۆکمە بۆ ئێران دابڕێژە.

گراهام یورگس، سێناتۆری بەناوبانگی ئامریکا لە لێدوانێکدا بۆ کاناڵی تەلەفزیۆنی CBS ڕوو لە دانڵد ترامپ وتوویەتی: ئەوەیکە ئەمڕۆ پێویستە بەرامبەر بە ئێران بیکەیت گرتنەبەری ڕێکار و پلانێکی تۆکمەیە نەک تویت کردن و چاولێکەر بوون.

ناوبراو وتوویەتی ئەوەیکە لە ئێراندا ڕوو دەدات هەلێکی زێڕینە تاکوو ئامریکا بتوانێ کۆتایی بە نەهامەتییەکانی ڕێژیمی تاران بهێنێت.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، یورگس باسی لە ترسی کۆماری ئیسلامی لە تواناییەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کردووە و ئاماژەی بەوە داوە کە ڕێژیمی تاران بەهۆی ترسێک کە لە تێکنۆلۆژی هەیەتی و بۆ سازکردنی فەزای خەفەقان تێلێگرام و ئینستاگرامی داخستووە.

ناوبراو وتوویەتی: ئەوەیکە ڕوونە و دەبێ ئیدارەی ترامپ لە بەرچاوی بگرێت ئەو ڕاستییەیە کە خەڵکی ئێران چیدیکە نایانهەوێ سامانی وڵاتەکەیان بە تاڵان ببردرێت.

چەند کاتژمێر پێش ئێستا سەرکۆماری ئامریکا لە پەیامێکی تویتێریدا لەبارەی خۆپیشاندانەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی ئێران، کە تا ئێستاش بەردەوامن، ڕایگەیاندووە: ئێران لە هەموو بوارێکدا سەرەڕای ئەو ڕێککەوتنە خراپەی که ئیدارەی ئۆباما لەگەڵیدا کردووە، شکستی هێناوە.

ناوبراو هەروەها گووتوویەتی: خەڵکی مەزنی ئێران بۆ ماوەی چەندین ساڵە دەچەوسێندرێنەوە، ئەوان برسی خۆراک و ئازادین. هاوشێوەی مافی مرۆڤیان سامانی ئێرانییەکانیش تاڵان کراوە، ئێستا کاتی گۆڕانکارییە.