کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکران و کوژرانی دەیان کەس لە ٥ ڕۆژی ڕابردوودا

14:02 - 12 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: بۆ پێنجەمین ڕۆژی بەردەوام، خۆپیشاندان لە شارەکانی ئێران بەڕێوەچوو و سەدان کەس دەسبەسەر کران و دەیان کەس کوژران.

سەرچاوەکانی هەواڵ باس لەوە دەکەن کە لەماوەی ٥ ڕۆژی ڕابردوودا و لە ڕەوتی خۆپیشاندانە ئێعترازییەکانی گەلانی ئێران، ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم سەدان کەسیان دەسبەسەر کردووە و وەک وەزارەتی ئیتلاعاتیش ڕایگەیاندووە ئەم ڕەوتە بەردەوام دەبێت.

هەواڵدەریی ئیسنا ئاشکرای کردووە هاوکات لەگەڵ قسەکانی ڕوحانی کە باسی لە مافی ناڕەزایەتی دەربڕینی خەڵک کردووە، دەزگا دەوڵەتی و ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم کۆمەڵێکی بەرچاو لە چالاکانی فەرهەنگی و خوێندکاری و ڕاگەیاندنکاریان لە شارەکانی تاران، کرماشان، کرمان و ئیسفەهان دەسبەسەر کردووە.

شۆرای سێنفی خوێندکارانیش هەواڵی گرتنی چەند ئەندامی شۆرای سێنفی زانکۆی تارانیان پشت ڕاست کردەوە.

لەلایەکی دیکەشەوە لە ئەنجامی ئێعترازە خەڵکییەکان تاکوو ئێستا دەیان کەس لە هاووڵاتییان بەدەستی چەکدارانی ڕێژیم کوژراو و بریندار بوون کە زۆربەیان لە شارەکانی توویسەرکانی هەمەدان، دۆڕووی لوڕستان و ئیزەی خوزستان بووە.

مەزندە دەکرێت لە ٥ ڕۆژی ڕابردوودا نیزیک بە ٥٠٠ کەس دەسبەسەر و زیاتر لە ١٥ کەسیش کوژراون.