کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاماری پشێوییە دەروونییەکان لە مێرمنداڵانی ئێرانیدا جێی نیگەرانییە

14:49 - 23 رەزبەر 2712

کوردستان میدیا: بەپێی لێکۆڵینەوەکانی وەزارەتی بێهداشتی رێژیمی ئێران، لانی‌کەم لەسەدا ٢٠ی منداڵانی ئێران تووشی تێکچوون و پشێوی دەروونی بوون.


لەلایەکی دیکەوە بەرپرسی ئەنجومەنی دەرونناسیی منداڵان و مێرمنداڵان، ئاماری پشێوی و تێکچوونی دەروونیی منداڵانی ئێران لەسەدا ٢٥ راگەیاندووە.
نوێترین ئامارە بڵاو بووەکان لە پێوەندی لەگەڵ کێشەی دەروونی لە نێوان منداڵان و مێرمنداڵانی ئێرانیدا، کارناسانی ئەو بوارە نیگەران و بە هەبوونی کێشەیەکی جیدی لە کۆمەڵگادا لە قەڵەمی دەدەن.
پشێوییە دەروونییەکان لە ئێران لە هەڵکشان دایه


مەهدی تێهران‌دووست، بەرپرسی ئەنجومەنی دەروونناسیی منداڵان و مێرمنداڵان، دەڵێت: لەسەدا ١٥ هەتا ٢٥ی منداڵانی ژێرەوەی تەمەن ١٨ ساڵ لە ئێراندا تووشی ئاریشە و پشێوی دەروونی بوونەتەوه.
ناوبراو بە هەواڵدەریی ئیسنای راگەیاندووە، ئەم ئامارە بەپێێ توێژینەوە بەربڵاوەکان کەلە ئاستی ئێراندا ئەنجام دراو، بە دەست هاتوون.
ئیدارەی تەندروستی دەروونیی وەزارەتی بێهداشتی ئێران لەم دواییانەدا بە بڵاو کردنەوەی راگەیەنراوێک، ئاشکرای کردووە، لە سەدا ٢١ی حەشیمەتی گشتیی ئێران تووشی پێشوی و تێکچوونی دەروونی بوون.
دووتوێی وەشێراوی( نهفتە) ئاریشە دەروونییەکان


پەرویز مەزاهیری، بەرپرسی ئەنجومەنی دەروونناسان، شیمانەی ئەوە دەکات ئامارە راستەقینەکان زۆر لە ئامارە بڵاو بووەکان زێدەتر بێت و ئەوەشی خستووەتەڕوو، خەڵکی لە ترسی تۆمەت لێدان لە سەردانی پزیشکی دەروونی خۆ دەبوێرن.
هەواڵدەریی ئیلنا لە راپۆرتێکدا لە زاری عەباس عەلی ناسحی بڵاوی کردۆتەوە: لە حاڵێکدا کە ئاماری تێكچوونە دەروونییەکان لە کۆمەڵگای ئێراندا ئاستێکی بەرزی هەیه، توێژینەوەکان دەری دەخەن لانی‌کەم لەسەدا ٢١ی منداڵانی ئێران تووشی پشێوی دەروونی بوون و هەروەها نەخۆشییە دەروونییەکانیش لە نێو گەورەساڵاندا ٢١% ە.
٥٠%ـی خەڵک بێ‌هیوا و ٣٧%ـی لەرزۆک و پەشۆکاو


محەممەد باقر لاریجانی بەپرسی ئەنجومەنی سیاسەتدانانی وەزارەت بێهداشتی رێژیم حەوتووی رابردوو رایگەیاندبوو: توێژینەوەکان دەرخەری ئەوەن کە لەسەدا ٢٠ی منداڵانی ئێران تووشی کێشەی رەفتاری و دەروونی بوون.
بەگوێرەی راپۆرتی هەواڵدەریی ئیلنا، لاریجانی گوتوویەتی: دوایین توێژینەوەکان سەبارەت بە بارودۆخی تەندروستیی منداڵان دەری دەخات، لە هەندێ ناوچەدا لەسەدا ٥٠ـی منداڵان تووشی ناڕاحەتی و بێ‌هیوایی و لەسەدا ٣٧ـی منداڵان تووشی پەرۆشی و دڵەڕاوکێ بوون.
ئەم سەرچاوە لە زاری بەرپرسی ئەنجومەنی سیاسەتدانانی وەزارەتی بێهداشتی رێژیمەوە بڵاوی کردۆتەوە، لەسەدا ١٢ـی منداڵانی تەمەن ٢ هەتا ١٤ ساڵ، بە توندی ئازاری جەستەیی دەدرێن و زیاتر لەسەدا ٥٠ـی ئەو منداڵانە تەمێی زمانییان ئەزموون کردووە.