کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاش خۆپیشاندانەکان لە ئێران دۆلار و زێڕ نرخیان بەرز بووەوە

21:48 - 14 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: بە پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکان بە دژی ڕێژیمی ئێران، زۆربەی خەڵک بۆ کڕینی دۆلار و سکەی زێڕ پاشکەوتەکانی خۆیان لە بانکەکان دەر هێناوە و ئەم کارە گران بوونی دۆلار و زێڕی لێ کەوتووەتەوە.

ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی بەفرانبار، ئەحمەد وەفادار ئەندامی دەستەی بەڕێوبەری سنفی زێڕ و زێوی ئێران، لەسەر بەرز بوونەوەی دۆلار و سکەی زێر وتوویەتی: خۆپیشاندانەکان بوونەتە هۆی ئەوەی خەڵک پاشکەوتەکانی خۆیان لە بانکەکان وەرگرنەوە و دۆلار و سکەی زێڕ بکڕن، هەر بەم بۆنەوە نرخی دۆلار و سکەی زێڕ بەرز بوونەتەوە.

نرخی دۆلار کە سێشەممە لە سەڕافییەکاندا ٤٣٥٠ تمەن و یۆرۆ ٥٤٦٥ تمەن بوون، ڕۆژێک دواتر لە ١٣ی بەفرانبار، نرخی دۆلار بە ٤٤٢٥ تمەن و یۆرۆ بە ٥٥٢٠ تمەن گەیشت.

ئەگەرچی ڕاگەیندراوەکانی سەر بە سپای پاسداران هەوڵ دەدەن، گران بوونی دۆلار وە ئەستۆی خۆپیشاندەران بخەن و ئەوان بە بەرپرسیاری ئەم کارە بزانن و بەم بۆنەوە خەڵک بەرەو ئەو ئاقارە ببەن، کە واز لە خۆپیشاندان بهێنن، هەتا دۆخی ئابوورییان بەرەو باشی بڕوات.

بەپێچەوانە بۆچوونی ئێستەی بەرپرسانی ڕێژیم، پێشتر ئیسماعیل محەممەدوەلی بەرپرسی خاوەنکارەکانی پیشەی زێڕ و زێو، وتبووی: بە هۆی دابەزینی ئاستی بەهرە بانکییەکان، سەرمایەی وڵات لە بازاڕەکانی زێڕ و دۆلار وەکار دەخرێن و ئەم کارە بەرز بوونەوەی دۆلار و زێڕی لێ دەکەوێتەوە.

ڕێژیم و بەرپرسانی لە هەمبەر ناڕەزایەتییەکانی خەڵک تا ڕادەیەک دۆش داماون، کە پەنا بۆ هەموو هۆکارێکی دوور لە عەقڵانییەت و نالۆژیکانە دەبن، هەتا بتوانن ورە و وزەی خەڵک دابەزێنن. بەڵام وەک لە دروشمەکانی خەڵک دەردەکەوێت، ئەم خۆپیشاندانە تەنیا بۆ نان نییە، بەڵکوو خەڵک لەگەڵ نان، ئازادیشیان دەوێت.