کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بریتانیا: سپای پاسداران بخەنە لیستەی تێرۆرەوە

13:55 - 18 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: ژمارەیەک لە نوێنەرانی پارلمانی بریتانیا داوایان کردووە، سپای پاسداران بخەنە لیستەی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانەوە.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ٦٩ پارلمانتاری بریتانیا کە زۆربەیان سەر بە حیزبی کرێکارن لە گەڵاڵەیەکدا داوایان لە ئامبر ڕاد وەزیری نێوخۆی ئەو وڵاتە کردووە کە ڕێکخراوی سپای پاسداران بخەنە لیستەی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانەوە.

ئەو پارلمانتارانە باسیان لەوە کردووە کە لێپرسراوانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بەرپرسی سەرکوتی خۆپیشاندەرە ناڕازییەکان لە ئێراندان.

لە بەشێکی دیکەی ئەو گەڵاڵەیەی پارلمانتارانی بریتانیادا هاتووە، کە سپای پاسداران ناڕەزایەتییەکان سەرکوت دەکات و پشتیوانی لە گرووپە شەڕخوازەکانیش دەکات، بۆیە دەبێ سپای پاسداران وەک ڕێكخراوێکی تێرۆریستی بناسرێت و گەمارۆی بخرێتە سەر.

ماوەیەک پێش ئێستا کۆشکی سپی ڕایگەیاندبوو کە ئامریکا دەیهەوێ سپای پاسداران وەک ڕێکخراوێکی تێرۆریستی لە قەڵەم بدات.

دانڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، ڕێکەوتی ٧ی خاکەلێوەی ١٣٩٦ی هەتاوی، بە توندی ڕەخنەی لە ڕێککەوتنی ناوکی لەگەڵ ڕێژیمی ئێراندا گرت و باسی لەوەش کرد کە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە لیستەی تێرۆر بهاوێن.

ئامریكا ساڵی ٢٠٠٧ی زایینی، سپای قودس، كه‌ لقی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی سپای پاسدارانه‌‌، خسته‌ نێو لیستی گرووپه‌ تێرۆریستییه‌كانەوە؛ له‌م ساڵانه‌ی دواییشدا دەیان فه‌رمانده‌ی سپا له‌ لایه‌ن ئامریكا و وڵاتانی دیكه‌ی ڕۆژئاواییەوە، خراونه‌ته‌ لیستی ڕه‌شی تێرۆر یان ته‌حریم كراون؛ ئەمساڵیش وەزارەتی دەرەوی ئامریکا ڕێژیمی ئێرانی بە یەکەم وڵاتی پشتیوانی تێرۆریزم لە جیهاندا ناساند.